قایمقامی دوجێل لە پارێزگای سەلاحەدین: 150 لوبنانی هاتوونەتە قەزاکەمان

 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای دوجێل لە پارێزگای سەلاحەدین دەڵێت، 150 لوبنانی چوونەتە قەزاکەی. 
 
عەلی فازل، قایمقامی قەزای دوجێل، رۆژی شەممە، 12-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو 21 خێزان کە 96 کەس بوون گەیشتنە قەزای دوجێل، دوێنێ هەینی ژمارەیەکی دیکە گەیشتن، بەوەش ژمارەیان گەیشتە 150 هاووڵاتی.
 
قایمقامی قەزای دوجێل دەڵێت، ئەو خێزانانە لەگەڵ خێزانەکانی دوجێل دەمێننەوە؛ خەڵک خۆیان هاوکارییان دەکەن و پێداویستی نێو ماڵیان بۆ دابین دەکەن.
 
قەزای دوجێل لە سێ ناحیە پێکهاتووە کە بریتین لە ئیراهیمیە، ئەنسار و شێخ جەمیل و ژمارەی دانیشتووانەکەیان نزیکەی 160 هەزار کەسە کە زۆربەیان شیعەن. 
 
قایمقامی قەزاکە داوا لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات، پێداویستی ئەو خێزانانە دابین بکات.
 
تاوەکو ئێستا سەرووی 8 هەزار لوبنانی چوونەتە عێراق. 
 
سێشەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 3 ملیار دینار بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی تەرخان بکرێت بۆ هاوکاریکردنی ئەو لوبنانیانەی کە بەهۆی جەنگەوە دەچنە عێراق.