رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی پارێزگاری سەلاحەدین دەڵێت، سێ پۆستی قەزای خوورماتوو دەدرێنە کورد. ئاماژە بەوەش دەکات، کێشەی نەبوونی پلەداری کورد بۆ پۆستە ئەمنییە باڵاکان هەیە.
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین رۆژی شەممە 12-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای سەلاحەدین گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی قەزای خوورماتوو کراوە.
سەبارەت بە پشکی کورد لە قەزاکە، راوێژکارەکەی پارێزگاری سەلاحەدین گوتی، بڕیارە پۆستەکانی بەڕێوەبەری کشتوکاڵ، شارەوانی و تەندروستی بدرێنە کورد، لەگەڵ چەند پۆستێکی دیکە کە هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە.
لەکاتی هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا نزیکەی 5000 خێزانی کوردی خورماتوو ئاوارەبوون و هێشتا دۆخەکە نەگەڕاوەتەوە پێش ئەو کاتە. کوردیش بەشی زۆری پۆستە کارگێڕییەکانی لەدەستداوە، وەک پۆستی قایمقامی قەزاکە.
سەبارەت بە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاکە، کاوە شێخانی گوتی، "کێشەی بوونی پلەداری ئەمنیی کوردمان بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسیی قەزای خوورماتوو هەیە".
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنیا یەک نوێنەری کوردە، ئەویش یاسین داوودییە لە پشکی یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ