رووداو دیجیتاڵ
عومەر پۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی عێراق دەکات. سەردانەکە بۆ پەرەدان بە پەیوەندیی ئابووریی هەردوو وڵاتە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی شەممە 12-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندێکی تورکیا لە رۆژانی 18 و 19 ئەم مانگە سەردانی عێراق دەکات.
شاندەکە رۆژی 18ی مانگ دەچێتە بەغدا و رۆژی 19 مانگ سەردانی بەسرە دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، سەردانەکە لەسەر داواکاری محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرچاوەکانی ئاو ئامادە دەبن و لەگەڵ کۆمپانیا بەڵێندەرایەتییەکانی تورکیا کۆدەبنەوە.
محەممەد حەنوون باس لەوەش دەکات، هەر لە سەردانەکەدا ئەنجوومەنی کاری عێراقی- تورکی و یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتیی ژوورە پیشەوەرییەکانی عێراق و یەکێتی بەڵێندەرانی عێراق کۆدەبنەوە.
قەبارەی بارزرگانی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی 2023دا 20 ملیار دۆلار بوو.کۆمپانیاکانی تورکیا 1101 پرۆژە لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ