42 ئەندام بۆ کۆڕی زانیاریی عێراق دامەزرێندران؛ سێیان کوردن

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لیستی دووەمی دامەزراندنی ئەندامانی کۆڕی زانیاریی عێراق پەسند دەکات. لە کۆی 42 ئەندامی کۆڕەکە، تەنیا سێیان کوردن.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی ئیحسان یاسین عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە 08-10-2024 دەرچووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر دامەزراندنی ئەندامی کۆڕی زانیاریی عێراق، کە 19 کەسن، بڕیارەکەش لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
ناوەکان بریتین:
 
1- حەسەن مەندیل حەسەن
2- موسا جەواد عەزیز موسەوی
3- عەلی عەبدولئەمیر زوبێدی
4- سەباح فاتح حبیب
5- علیا عەبدولعەزیز نەجم
6- مەنال ناصح ئەحمەد حەمدان
7- عەدنان وەهاب حەبیب
8- سۆران نیهاد سادق ئەڵڵاوێردی
9- ئەیاد جەمیل جەبر خەفاجی
10- ئیمان تاریق محەممەد نەجیب
11- عەلا فەرحان جبووری
12- تاریق عەلی جاسم عانی
13- فاتن فازل محەممەد
14- زوهێر عەبدولکەریم جەعفەر حەسەنی
15- عەزیز یوسف موتەلیب مەتلەبی
16- هاشم علیوی محەممەد حوسێنی
17- عەبدوڵڵا حەسەن حەمید حەدیسی
18- ناسر عەبدولرەزاق مەلا جاسم
19- هەمیسەم عەبدولسەلام محەممەد وادی
 
لە 16-11-2023دا محەممەد شیاع سوودانی، دامەزراندنی 23 ئەندامی بۆ کۆڕی زانیاریی عێراق پەسند کردبوو.
 
د.سۆران نیهاد سادق ئەڵڵاوێردی، سەرۆکی بەشی جیۆلۆجیا لە کۆلیژی زانستی زانکۆی کەرکووک، کە کوردە و کراوەتە ئەندامی کۆڕەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵێک لەمەوبەر بەشێوەکی ئۆنلاین فۆڕمی داواکاریم پڕکردەو و  پێشکێشمکرد، دوێنێ ئاگادارکرامەوە کە ناوم دەرچووە."
 
بە گوتەی د.سۆران نیهاد لەو لیستە نوێیەدا تەنیا ئەو کوردە.
 
د. وریا عومەر، ئەندامی کۆڕی زانیاریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی ئێستا بڵاوکراوەتەوە لیستی دووەمە، لیستی یەکەم 23 ئەندام بوو، دوو کوردی تێدابوو من و  د. رەئوف عوسمان مەعروف."
 
ئێستا رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 19 ئەندامی دیکە دراوە. بەمشێوەیە ئەندامانی کۆڕی زانیاریی عێراق دەبنە 42 ئەندام. 
 
ئەندامەکەی کۆڕی زانیاریی عێراقی گوتیشی، پێشتر بە یەک لیست ناوی 42 کەس دیاریکرابوو بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی کۆڕی زانیاریی عێراق؛ بەڵام دوای وردبینی تەنیا 23یان پەسندکران و ئەوانی دیکە رەتکرانەوە. ئێستاش ئەو لیستە نوێیەی کە پەسندکراوە بۆ تەواوکردنی ئەندامانی کۆڕی زانیاریی عێراقە.
 
موئەید تەیب، ئەندامی ئەکادیمیای کوردی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری ئەو دامەزراندنە نین و بە هاوئاهەنگی ئەکادیمیای کوردی نەکراوە."
 
ئەندامەکەی ئەکادیمیای کوردی دەڵێت: "ئێمە پەیوەندییمان بە کۆڕی زانیاری عێراقەوە نییە، دوو دامەزراوەی جیاوازین. ئێمە لە زمانی کوردی کاردەکەین و ئەوانیش  کار لە زمانی عەرەبی دەکەن."
 
کۆڕی زانیاریی عێراقی لە ساڵی 1947 دامەزراوە، بە شێوەیەکی سەرەکی بایەخ بە زمان و ئەدەب و فەرهەنگی عەرەبی دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە