رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف داوای دامەزراندنی ئەو پەنابەرە لوبنانییانە دەکات، کە روو لە عێراق دەکەن؛ بەڵام ئەنجوومەنی راژەی عێراق، بە دووری دەزانێت بەم نزیکانە لوبنانییەکانی عێراق دابمەزرێندرێن.
سەعید لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا زووە باس لە دامەرزراندنی ئەو لوبنانییانە بکرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی عێراق گوتیشی، "ئەنجوومەنی راژە، هیچ قسەیەکی لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە، پێویستە لە پەرلەمان عێراق و بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و حکومەت گفتوگۆی لەسەر بکرێت."
غەیس کیلابی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف بە نووسراو داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات، بە وەزارەتەکان بڵێن، ئەو لوبنانییانەی هاتوون و خاوەن ئەزموونن، بە شێوەی گرێبەست دابمەزرێندرێن.
ئەو داوایەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف بە وەکالەت لە کاتێکدایە، هەزاران دەرچووی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان بەردەوام خۆپێشان دەکەن و داوای دامەزراندن دەکەن؛ بەڵام حکومەت وەڵامیان ناداتەوە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی عێراق گوتی، "ئەو بابەتە جێگەی گفتوگۆی رۆژێک و دوو رۆژ نییە، دەکرێت پزیشکێک بێتە دامەزراوەیەکی تەندروستی کار بکات، دواتر بڕیار بدرێت کە سوود لە ئەزموونەکەی وەردەگیرێت، یان نا."
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چوارشەممە 09-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7000 هاووڵاتیی لوبنانی کە هاتوونەتە عێراق، لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمار کراون."
سێشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی 3 ملیار دینار بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تەرخان بکرێت بۆ پێشوازیکردن لە لوبنانیانییەکان.
هاوکات یاسین مەعمووری، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی دوێنێ چوارشەممە بە میدیای فەرمی عێراقی گوت، پێشوازییان لە 8 هەزار لوبنانی کردووە.
دۆخی باشووری لوبنان لە مانگی رابردووەوە ناسەقامگیریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و تاوەکو دێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دۆخەکە خراپتر دەبێت.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ