بەرگریی شارستانیی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ نزیکەی 9 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 8 هەزار و 850 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەگوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی عێراق، ئاگرکەوتنەوەکان 55% کەمیان کردووە. 
 
لیوای مافپەروەر موحسین کازم، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریى شارستانیی عێراق رۆژی پێنجشەممە 12-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، 8 هەزار و 850 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریى شارستانیی عێراق، دەڵێت، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە 55% کەمیان کردووە، هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە 16 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.
 
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق ساڵی رابردوو 21 هەزار و 24 رووداوى ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوبوون، کە 60%یان بەهۆى شۆرتى کارەباوە بووە، 15%ـی دیکەى بەهۆى منداڵەوە بووە، 7%ـی ئەو رووداوانە بە مەبەست بووە بەهۆى کێشەى خێڵەکى و کێشەى دیکەوە.