کۆمیسیۆن بۆ رووداو: هێشتا رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنمان دیاری نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: هێشتا پەسندکردنی ناوی بەربژێرەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تەواو نەکراون و رۆژی بانگەشەش دیاری نەکراوە.
ئەمڕۆ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتێک بۆ دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی دەکەن راست نین."
گوتیشی: "ناوی بەربژێرەکان لەبەردەست ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە و هێشتا سەرجەمیان پەسند نەکراون، رۆژێک دوای پەسندکردنیان رۆژی بانگەشە دیاری دەکرێت."
ڕۆژانی 5 و 8ـی ئەم مانگە، كۆمیسیۆن سێ بەربژێرێ لە سێ لیستی جیاواز بەهۆی بوونی سزای یاسایی لەسەریان دوورخستەوە و داوای لە لیستەکانیان کرد ناوی سێ بەربژێری دیکە لە کۆمیسیۆن تۆمار بکەن.
18ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ـی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدان دەبن، 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.