موفتییەکی داعش لە نەینەوا دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی حەشدی شەعبی دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە گوایە پێشتر موفتیی کەرتی وەلیدی پارێزگای نەینەوا بووە و لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە داواکراو بووە.
 
رۆژی چوارشەممە 11-09-2024، حەشدی شەعبی، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوای بەدواداچوونی ورد و مەیدانی و وەرگرتنی زانیاریی ورد لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و رێکخستنی حەشدەوە، کەسێکی داواکراو کە پێشتر موفتیی کەرتی وەلید بووە لە پارێزگای نەینەوا، دەستگیرکرا".
 
ئەو کەسە بەپێی راگەیێندراوەکە بەشداری لە چەندین هێرشی رێکخراوی داعش بۆ سەر هێزەکانی عێراق و خەڵک کردووە. دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر دەستگیرکراوە.
 
رێکخراوی داعش دوای ئەوەی لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 شاری موسڵی گرت و دواتر یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە، بە بڕیاری موفتییەکانی بە هەزاران کەسی کوشت، لەنێویاندا ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان.
 
موفتی، یەکێکە لەو پۆستانەی لەنێو رێکخراوی داعش زۆر جار دەدرا بەو کەسانەی کە بڕیاری سزایان دەردەکرد و لەسەر قسەی ئەوان بڕیارەکان جێبەجێدەکران.