جەمال کۆچەر: پرسی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت لە ئاستی باڵای سیاسی چارەسەر بکرێت
رووداو - بەغدا
دوای 19 جار دانیشتن، گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ژمارە و داتاکان لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا، لەبری چارەسەری کێشەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کێشەکە بەرەو بنبەستی زیاتر چووە. ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چارەسەری کێشەکە لەناو پەرلەمان نابینن و داوا دەکەن لە ئاستی سیاسیی باڵا هەوڵی چارەسەری بدرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا کێشە لەنێوان دوو حکومەتدا ھەیە، شیکردنەوەی لەدەست ئەمانەدا نییە، بەڵکو بەدەست سەرووی خۆیانەوەیە، بۆیە پێموایە دانیشتن و گوێگرتن لەگەڵ ئەمانە ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، ھەندێک ژمارە ھەیە قابیلی گۆڕین نییە، چونکە بڕیار بەدەست ئەمانەوەیە نییە."
پێش پێکهێنانی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، کارتەکانی دەستی کورد بەهێز بوون، بەڵام دوای بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس و راگرتنی فرۆشتنی نەوتی کوردستان و بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بەنادەستووریبوونی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، کارتەکانی دەستی کورد سووتان.
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "خەڵکی کوردستان ئێستا باجی پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان دەدات، بەتایبەت لەکاتی بودجە کورد زۆر بە پەرتەوازەیی ھاتە ناو ئەم بابەتە، بۆیە ئێستا باجەکەی وەردەگرینەوە، بەھێزترین کارتی کورد یەکڕێزییە لە ھەرێمی کوردستان، یەکڕیز بێت و لە بەغداش یەکڕیز بێت، ئەمە باشترین کارتی سیاسیی کوردە، بەڵام کارتی دارایی و ئابووری بەداخەوە ئەم کارتەمان سووتاوە و نیمانە."
لە هەفتەی داهاتووەوە حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی دەکات، لەکاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە.