لە بابل تەرمى منداڵێک بە سووتێنراوى لە ماڵێکدا دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

دواى چەند رۆژێک لە ونبوونى، تەرمى منداڵێکى کچ لە پارێزگاى بابل بە سووتێنراوى لە ماڵێکدا دۆزرایەوە، سەرجەم ئەندامانى ئەو خێزانەى کە لە خانووەکەدا دەژین، دەستگیرکران.
 
12ـی ئەیلوولی 2023، فەرماندەیی پۆلیسی بابل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، تەرمى منداڵێکى کچیان لە ژوورى ماڵێکدا لە ناحیەى ئەسکەندەریەى باکوورى پارێزگاکە بە سووتێنراوى دۆزیوەتەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، کەسوکارى ئەو منداڵە پێشتر پۆلیسیان ئاگادارکردووە لە دیارنەمانى و دواى گەڕان و سەیرکردنەوەى کامێراکانى چاودێرى، توانیویانە تەرمەکەى لە ژووری خانوویەکى ناحیەکە بدۆزنەوە، دەرکەوتووە ئەو منداڵە کوژراوە و شاردراوەتەوە.
 
فەرماندەیی پۆلیسی بابل ئاماژەى بەوەش دا؛ سەرجەم ئەندامانى ئەو خێزانەیان دەستگیرکردووە کە لەو خانووەدا دەژین و تەرمى منداڵەکەى تێدا دۆزراوەتەوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیێکردووە بۆ ئەوەى تەواوى وردەکارییەکانی رووداوەکە بزانرێت و دواتر رادەگەیێندرێت.