راپۆرتێکی لیژنەی دەستپاکی: وەزیری نەوت رەگەزی زەوییەک دەگۆڕێت و بەسەر کەسوکارەکەیدا دابەشی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سکانداڵێکی گەورەی" وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرا دەبێت، دەستکاریی رەگەزی زەوییەکی دەوڵەتی کردووە و بەسەر خۆی و کەسوکار و کەسە نزیکەکانی لە وەزارەت و شوێنەکانی دیکە دابەشی کردووە.
 
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی راپۆرتی لیژنەی دەستپاکی، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، "لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاوە،" لەوانەش دەستی بەسەر هەندێک زەویی نایابدا گرتووە لە شوێنی ستراتیژی و دەستکاریی رەگەزەکانی کردوون و لە زەویی دەوڵەتەوە گۆڕیونی بۆ نیشتەجێبوون، پاشان بەسەر خۆی و کەسوکار و کەسە نزیکەکانی لە وەزارەت و کەسانی دیکە دابەشی کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لەو زەویانە زەویی کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست بووە لە ناوچەی مەنسوور لە بەغدا کە رووبەرەکەی 1700 مەتر چوارگۆشەیە، تەرخانکراوە بۆئەوەی باڵەخانەیەکی سەر بە وەزارەتی نەوتی لەسەر دروستبکرێت، بەڵام کراوەتە زەویی نیشتەجێبوون و دابەشکراوە، "بە هەمان شێوە لە بەسرەش دەستی بەسەر زەویدا گرتووە و دابەشی کردووە. زەوی هەبووە بەهاکەی 17 ملیۆن دۆلارە."
 
دەستکاریکردنی زەوییەکە بە رێککەوتنی نێوان ئیحسان عەبدولجەبا، وەزیری نەوت؛ قەدووری عەبد سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست؛ لەیس شاهر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی و جێگری دووەمی سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و حامد زەوبەعی، بریکاری وەزارەتی نەوت بووە؛ نرخی زەوییەکە نزیکەی 17 ملیۆن دۆلارە و، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە کە خۆی راپۆرتەکەی لیژنەی دەستپاکی بینیوە، "ئەوانەی دەستیان بەسەردا گرتووە لەنێو خۆیاندا دابەشیان کردووە، رێککەوتوون پارەکە بە شێوەی قیست و بە مانگانە بدەنەوە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "وەزیری نەوتی عێراق، چەندین دۆسیەی گەندەڵیی لەسەرە، لیژنەی نەوت و گاز کاری لەسەر کردووە تاوەکو بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، بەڵام بەهۆی وەستانی کارەکانی پەرلەمان، ئەو دۆسیانەش وەستاون."
 
بەپێی زانیارییەکان، دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەو تۆمەتانەی ئاراستەی وەزیری نەوت کراوە. هەروەها تۆمەتی ئەوەش دراوەتە پاڵی کە لە بەرامبەر گرێبەستەکانی کەمکردنەوە داوای پارەی لە کۆمپانیا بیانییەکان کردبێت، لەوانەش لە پرۆژەی کێڵگەی قورنە رۆژئاوا 2.