ئاسایشی نیشتمانی: لە نەجەف هەشت ئەندامی بزووتنەوەیەکی ئایینی دەستگیرکران

12-09-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، لە پارێزگای نەجەف هەشت ئەندامی سەر بە بزووتنەوەیەکی ئایینیی تووندڕەویان دەستگیرکردووە.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رۆژی دووشەممە 12-9-2022 بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگریی ورد، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادگە، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای نەجەف هەشت ئەندامی سەر بە بزووتنەوەیەکی ئایینیی تووندڕەویان دەستگیرکردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو هەشت کەسەدا، "دەستیان بەسەر سەتان کتێب و بڵاوکراوەدا گرتووە، کە بانگەواز بوون بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی قۆستنەوەی گردبوونەوەی خەڵک لەکاتی چلەی ئیمام حوسێندا."
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ هەر هەشت تۆمەتبارەکە کراوەتەوە.
 
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، حوسێنی کوڕی عەلی، کچەزای پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی موعاوییە کوژران.
 
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. ملیۆنان کەس لە پەیڕەوانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە