عەبادی: با حکومەت پێکبهێندرێت، دواتر هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، با ئەم قۆناخەی ئێستا راگوزەر بێت و بە پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکات و بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت کۆتایی بێت.
حەیدەر عەبادی درەنگی شەوی رابردوو 11-09-2022، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "هەر رێڕەوێک پشت بە شکاندنی ویست ببەستێت دەبێتە بەڵا بەسەر گەل و دەوڵەتەوە. داواکارم رێککەوتنێکی سیاسی بکرێت ئەم قۆناخەی ئێستا بە راگوزەر هەژمار بکات".
حەیدەر عەبادی دەشڵێت: "با قۆناخە راگوزەرەکە بە پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکات و بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت کۆتایی بێت. بەرژەوەندییەکانی گەل و سەقامگیری دەوڵەت بەرزتر و بەنرخترن لە هەر بەرژەوەندییەکی حیزبی و کەسی".
پێش چەند کاژێرێک لەم تویتەی عەبادی، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە تویتێکدا رایگەیاند: "چیدیکە پێویست ناکات باسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، کە لە دەستوور و دادگە و لە رووی سیاسییەوە یەکلایی بووەتەوە".
هەروەها ئەم هەڵوێستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر دوای راگەیێندراوی کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان هات.
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق کرایەوە بۆ ئەوەی حکومەتێک بە تەواوی دەسەڵاتەکان پێکبهێندرێت و دواتر بە رێککەوتن هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت.
ئەم هەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆرینەی سوننەکان لە عێراق بە وەڵامی داواکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەخوێندرێتەوە، کە هەفتەی رابردوو دوای کرد کورد و سوننە هەڵوێست بنوێنن و لە پەرلەمانی عێراق بکشێنەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.