مالیکی: پێویست ناکات باسی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بکرێت

12-09-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، پێویست ناکات باسی بابەتی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بکرێت، بەڵکو پێویستە پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و حکومەتێک بە تەواوی دەسەڵاتەکانییەوە پێکبهێنرێت. 
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە تویتێکدا رایگەیاند، "دادگە بڕیاریدا نابێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش مانای وایە، هەڵبژاردنی پێشوەخت ناکرێت، تەنیا ئەگەر دوای دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێک نەبێت، بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە." 
 
نووری مالیکی دەشڵێ، هەروەک هێزە سیاسییەکان هەڵوێستیان پشتیوانیکردنی بڕیاری دادگە بوو، پێشنیازی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەیان رەتکردەوە. ئەمە مانای وایە، چیدی پێویست ناکات قسە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، چونکە لە رووی دەستووری و دادگە و سیاسییەوە یەکلایی بووەتەوە.
 
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا راشیگەیاند: هەوڵ و پێشنیازەکانی ئێستا ئەوەیە چۆن پەرلەمان کاربکرێتەوە و پێکهێنانی حکومەتێکی ئیئتیلافی پەلەی تێدا بکرێت، تاوەکو باشترین خزمەتگوزاریی فەراهەم بکات و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بەدیبهێنێت.
 
رۆژی 7-8-2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە و گوتی، پێویستە بە پشتبەستن بە دەستوور پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.  
 
دادگەی فیدراڵی عێراق ئاماژە بەوە کرد، تایبەتمەندییەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی سنووردارە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناگرێتەوە.
 
دەقی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق: 
 
دادگەی باڵای فیدراڵی وایدەبینێت
 
1- ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دوای ئەوەی هەڵدەبژێردرێن نوێنەرایەتی خۆیان و فراکسیۆنە سیاسییەکانیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، بۆیە پێویستبوو کار بۆ ئەوە بکەن کە بۆی هەڵبژێردراون، کە بەرژەوەندی خەڵکە، نەک ببنە هۆکارێک بۆ پەکخستنی بەرژەوەندییەکانیان و هەڕەشە لە سەلامەتییان و سەلامەتی وڵات بە گشتی.
 
2- سەقامگیری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بەوە هەیە هەموو لایەک پابەندی بەندەکانی دەستووربن و لێی دەرنەچن، بۆ هیچ دەسەڵاتێکیش نییە بەردەوام بێت لە تێپەڕاندنی وادە دەستوورییەکان تاوەکو کاتێکی نادیار، چونکە ئەمە پێشێلکردنی دەستوور و تێکدانی تەواوی پرۆسەی سیاسی و مەترسییە بۆسەر ئاسایشی وڵات و هاووڵاتییان.
 
3- ئەو سزایەی کە بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران دەسەپێنرێت لە ئەنجامنەدانی ئەرکە دەستوورییەکانیدا، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەکەیە کاتێک پاساو بۆی هەبێت.
 
4- دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 میکانیزمی دەستووری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە پێی بڕگەکانی ماددەی (64/یەکەم)ی داڕشتووە.
 
5- تایبەتمەندییەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی سنووردارە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناگرێتەوە.
 
6- دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 چاوپۆشی نەکردووە لە رێکخستنی بڕگەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەر بۆیە هیچ بوارێک نییە بۆ جێبەجێکردنی تیۆری چاوپۆشیکردن لە دەستوور. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە