سەربازگەی ئەشرەف بە یەكجاریی چۆڵكرا
رووداو- سۆمەریە نیوز
قایمقامییەتی شارۆچكەی خاڵس لە پارێزگای دیالە رایگەیاند، سەربازگەی ئەشرەف، كە تاوەكو ئێستا ژمارەیەك لە ئەندامانی رێكخراوی موجاهیدینی خەلقی بەرهەڵستكاری كۆماری ئیسلامی ئێرانی لەخۆ دەگرت، بە یەكجاریی لە ئەندامانی ئەو رێكخراوە چۆڵ كراوە.
عودەی خەدران، قایمقامی شارۆچكەی خاڵس، رایگەیاند "پاش گواستنەوەی ٤٠ كەس لەدوا دانیشتووانی سەربازگەی ئەشرەفی نزیك خاڵس، بۆ سەربازگەی لێبرتی لەبەغدا، كە هەموو ئەندامانی موجاهیدین خەلق لەخۆ دەگرێ لەعێراق، ئەشرەف بەیەكجاریی لەئەندامانی ئەو رێكخراوە چۆڵ كرا".
رێكخراوی موجاهیدینی خەلق بەرهەڵستكاری كۆماری ئیسلامی ئێرانەو لە ساڵی 1965 دامەزراوە بەمەبەستی رووخاندنی رژێمی شا لە ئێران و لە لایەن ئەمریكاوە ناوی خراوەتە نێو لیستی رەشی تیرۆرەوە.
رێكخراوەكە بەشێكە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرەنگاری ئێران و ئەو ئەنجوومەنە لە شێوەی پەرلەمانێكی بەرهەڵستكارانی ئێرانە و لە دەرەوە كارەكانی رادەپەڕێنێ.
چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە لە ساڵانی شەڕی نێوان عێراقو ئێران هاوپەیمانیی رژێمی بەعس بوون و بە رۆڵگێڕان لەسەركوتكردنی راپەڕینی خەڵكی كوردستان و شیعەكانی باشووری عێراق لە ساڵی 1991 تۆمەتبار دەكرێن.
رێكخراوی موجاهیدینی خەلق پێشتر رایگەیاندبوو "لەكاتی گەمارۆدانی كەمپەكەیان و لەو هێرشەی رۆژی یەكشەممە 1ی ئەیلولی2013، كە كرایە سەریان لەكەمپی ئەشرەف (52كم باكووری باقوبەی سەنتەری پارێزگای دیالە) 55 ئەندامیان كوژراون.
رێكخراوەكە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی تۆمەتباركردبوو، كە بە فەرمانی ئەو هێرشیان كراوەتەسەر و داوای لە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو، ئەو كوشتوبڕەی بەرامبەریان دەكرێت بووەستێنێت، بەڵام سەركردە سەربازییەكانی عێراق دووپاتیانكردەوە ئەم كوشتارگەیە لەئاكامی شەڕێكی ناوخۆی نێو كەمپەكەدا روویداوە.
رژێمی سەدام رێگای بە رێكخراوی موجاهیدینی خەلق دا لەسەربازگەی ئەشرەف نیشتەجێ بن، بۆ ئەوەی هاوكاری بكەن لەجەنگی عێراق - ئێران لەساڵی 1980 ـ 1988.
دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لەساڵی 2003، ئەمریكییەكان ئاسایشی ئەو سەربازگەیەیان لەئەستۆ گرت، تاوەكو ساڵی 2010.
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی ئەندامانی رێكخراوی موجاهیدین لە عێراق لە نێوان 2500 تا 3000 كەسە كە ئێستا لە كەمپی لیبێرتی بەغدا نیشتەجێكراون و چاوەڕێی ناردنیان بۆ وڵاتێكی دیكە دەكەن.