رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بۆ تاوتوێکردنی سێ پرس لە کۆبوونەوەدایە، ئەوانیش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و هەڵبژاردنی پارێزگار و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
د. سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لە ماڵی حەیدەر عەبادییە و دوو دۆسیە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەن.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر گوتی: "بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتەی بە لایەنەکانی سوننە درابوو بۆ ئەوەی لەنێوخۆیاندا یەکلایی بکەنەوە تەواو بووە، پێشهاتی نوێش هەیە، چونکە هاوپەیمانیی تەقەدووم پێشنیازی بەربژێرکردنی کەسانی دیکەی کردووە، هاوپەیمانێتییەکانی سوننەش ئەوە رەتدەکەنەوە، رەنگە چوارچێوە ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە و هەفتەی داهاتوو بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکەکەی، پەرلەمان کۆببێتەوە."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر ئاماژەی بەوەدا، جگە لە پرسی سەرۆکی پەرلەمان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و هەڵبژاردنی پارێزگار تاوتوێ دەکرێت، بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی ناکۆکی و ناڕەزایەتی لەبارەیەوە، لەوانەش نیگەرانی تورکمانەکان و پارتی و ژمارەیەک هێزی سوننە و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی سوننەش، دەبێتە تەوەرێکی دیکەی گرنگی ئەو کۆبوونەوەیە."
د. سەلام زوبەیدی گوتی: "هەندێک بۆچوون لەبارەی یاساییبوون و نەبوونی کۆبوونەوەکە هەن، بەتایبەت تورکمان پەراوێزخراوە، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێت لە پرسە یاساییەکەی بکۆڵێتەوە و هەوڵی لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان دەدات."
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی 10ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
ئەو کۆبوونەوە جگە لە ناڕەزایەتی تورکمان، بەشێکی عەرەبەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە حەوت کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان هەیە، بەشێکیان لە دادگەی فیدڕاڵی لەسەر ئەو پرسە سکاڵای یاسایی دەکەن و کار گەیشتووەتە دەرکردنی ئەندامی ئەنجوومەن لە ریزەکانی پارت و هاوپەیمانێتی کە هاوپەیمانی سیادە بەرامبەر بە ئەندامێکی گرتوویەتیەبەر.
نۆ مانگ دەبێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چۆڵە، رۆژی 30ـی مانگی رابردوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی مۆڵەتی هەفتەیەکی بە لایەنە سوننەکان دا لەسەر یەک بەربژێر رێکبکەون، بەڵام رێکنەکەوتن، رۆژی 6ی ئەم مانگەش دەستپێشخەرییەکی خۆی پێگوتن، بەڵام هەر نەگەیشتن بە چارەسەر.
دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بریتییە لەوەی:
1-هاوپەیمانیی عەزم دەستبەرداری پۆستی وەزیری پەروەردە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بێت، یان بە پێچەوانەوە.
2-هاوپەیمانیی عەزم ژمارەیەک ناو پێشنیاز بکات، هاوپەیمانیی تەقەدوومیش یەکێکیان هەڵبژێرێت، یان هاوپەیمانیی تەقەدووم ژمارەیەک ناو بەربژێر بکات و هاوپەیمانیی عەزم یەکێکیان هەڵبژێرێت.
3-هەردوو هاوپەیمانێتییەکە بەربژێری خۆیان پێشکێش بکەن.
بەڵام رۆژی 6ـی ئەم مانگە هاوپەیمانی سیادە و عەزم و پەرلەمانتاری سوننە لە فراکسیۆنەکانی عەقد و سەربەخۆکان ناوەکانی پێشوویان وەکو بەربژێر هێشتەوە.
لە 14ی تشرینى دووەمی 2023وە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.
دوو جار پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى کۆبووەتەوە، هەردوو جارەکە لە گەڕى دووەمى دەنگداندا دانیشتنەکە هەڵگیراوە. دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەو پرسە لە 18ی ئایار بوو، رکابەرییەکە لە قۆناخى دووەمدا لەنێوان مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوى راگیرا.
سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرییە و مەحموود مەشهەدانى بەربژێرى هاوپەیمانى تەقەدوومە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ