عەلی سیستانی: مامەڵە لەگەڵ بازرگانانی مادەی هۆشبەر رێگەپێدراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق لە وەڵامى پرسیارى شوێنکەوتووانى ئەو مەزهەبە لەبارەى مادەى هۆشبەر دەڵێت، "نابێت مامەڵەى کڕین و فرۆشتن لەگەڵ بازرگانانى ئەو مادەیە بکرێت".
نووسینگەى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق وەڵامى چەند پرسیارێک دەداتەوە کە لەبارەى مادەى هۆشبەر و بازرگانیکردن پێوەى ئاڕاستەى کراون.
عەلی سيستانى رایگەیاندووە، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە رووی ئایینییەوە رێگەپێنەدراوە، بەڵام ئەگەر پزیشکێکى پسپۆر راسپێردرا بۆ هەندێک نەخۆشى دەرزى لە هەندێک جۆر لەو مادانە لە سنوورێکى دیایکراودا بەکاربێنێت، ئەوە ئاساییە.
لە شەش مانگى سەرەتای ئەم ساڵدا بەڕێوەبەرایەتیى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق دەستى بەسەر یەک تۆن و 822 کیلۆ و 740 گرام مادەى هۆشبەردا گرتووە.
عەلى سیستانی دەڵێت، بەکارهێنانى پارەى بەقاچاخبردنى مادەى هۆشبەر و فرۆشتنى بۆ هاوکاریش رێگەپێدراو نییە و ئەو پارەیەی لەو رێگەیەوە بەکاردەهێندرێت مامەڵەپێوەکردنى رێگەپێدراو نییە.
لە وەڵامى پرسیارێکى دیکەدا لە بارەى مامەڵەکردنى کڕین و فرۆشتن لەگەڵ ئەو کەسانەى کاری بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەرەوە دەکەن، مەرجەعى باڵای شیعەکانى عێراق دەڵێت، "پێویستە بایکۆت بکرێن".
لە شەش مانگى یەکەمى ئەم ساڵدا 7 هەزار و 705 تۆمەتبارى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، 1435یان بازرگانى مادەى هۆشبەر بوون و 147 بازرگانى نێودەوڵەتى لەنێو ئەواندا بوون.
عەلی سیستانى رایگەیاندووە، ئەگەر پیاوێک لە ماڵێکدا بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەر بێت، پێویستە ژنەکەى هەموو رێگە شەرعی و یاساییەکان بەکاربهێنێت بۆ دوورخستنەوەى مەترسی مادەى هۆشبەر لە منداڵەکانى؛ ئەگەر ژنێکیش ئالوودەى مادەى هۆشبەر بێت و منداڵێکى بچوکى هەبێت، ئەگەر مەترسی لەسەر منداڵەکە هەبێت، ئەوا مافى لە بەخێوکردنى ئەو منداڵە نامینێت و ئەو هەنگاوە بۆ پیاویش هەمان شێوەیە.