چی دیکە نوێنەرى یاسایی پەرلەمانى کوردستان لە دادگەى فیدراڵیی عێراق ئامادە نابێت

12-08-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بەشدارى هیچ دانیشتنێکى دادگەى فیدراڵیى عێراق ناکات کە تێیدا سکاڵای دژی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت تاوەکو ئەو کاتەى سەرۆکى نوێى پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
 
شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو بڕیارە لەلایەن سەرۆکایەتیى دیوانى پەرلەمانى کوردستانەوە دراوە، هەرچەندە بریکارنامە هەیە کە سەرۆكى دیوان لەبرى سەرۆكى پەرلەمان نوێنەرایەتى ئەو سکاڵایانە بکات کە لە دادگەى فیدراڵى دژی پەرلەمانی کوردستان تۆماردەکرێن". 
 
شەرمین بەهجەت گوتى: "بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە نوێنەرى یاسایی پەرلەمانی کوردستان بەشدارى هیچ دانیشتنێکى دادگەى فیدراڵیى عێراق نەکات تاوەکو سەرۆکى نوێى پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 30ى ئایارى 2023دا بڕیاریدا درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێشووى پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە و ئیدی رێواس فایەق وەک سەرۆکى پەرلەمان دەسەڵاتى نەما؛ 20ى تشرینى یەکەم دیاری کراوە بۆ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمان.
 
ئەو سکاڵایانەى لە دادگەى فیدراڵیى عێراق تایبەت بە پەرلەمانی کوردستان تۆماردەکرێن دژى سەرۆکى پەرلەمان دەبن، ئەوەش بەهۆی پۆستەکەیەوە. دەبێت سەرۆکی پەرلەمانیش بریکارنامەیەکى تایبەت بۆ پارێزەرێک بکات تاوەکو نوێنەرایەتى بکات لەو دادگەیە. 
 
هاوکات، وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە تاوەکو دواى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان پارێزەران ئامادەى دانیشتنەکانى دادکەى فیدراڵى نەبن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرلەمانی عێراق

ئەنجوومەنی سوننەکان پێشنیاز بۆ سەرۆککۆمار دەکەن پێش 25ـی ئەم مانگە پەرلەمان کۆببێتەوە

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان داوایان لە سەرۆککۆمار کرد رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دیاری بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرانی؛ پێشنیازیشیان کرد ئەو کۆبوونەوەیە بەر لە 25ـی کانوونی یەکەم بێت.