دادگەى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى دژ بە مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى دژ بە مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان رەتکردەوە، بە پاساوى ئەوەى سکاڵاکارەکان زەرەرمەند نەبوون لەو مەرجانە. یەکێک لە سکاڵاکارەکان دەڵێت، "زەرەرمەند پەیدا دەکەین و سکاڵاکە تۆمار دەکەینەوە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ى ئاب، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتنى لەبارەى سکاڵایەک کرد کە پارێزەران ئاسۆ هاشم، موحسین هەرتەلى و سەردار شێخانى دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشیان کردبوو.
 
سکاڵاکاران داوایان کردبوو مادەى یەکەمى هەموارى یاساى بارى کەسێتى ژمارە 15ى ساڵى 2008ى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، کە هەموارى یاساى بارى کەسێتیی عێراقە و دوو مەرجى ئەو یاسایەى بۆ فرەژنى راگرتووە و لەبرى ئەوە 7 مەرجى داناوە.
 
ئاسۆ هاشم یەکێک لەو سێ پارێزەرەى سکاڵاکەیان تۆمارکردووە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پاساوى دادگەکە بۆ رەتکردنەوەى سکاڵاکە ئەوە بوو کە سکاڵاکارەکان زەرەرمەند نەبوون لەو هەموارى یاسایە.
 
بەگوێرەى ئەو هەموارە، ئەگەر پیاوێک ژنى دووەم بهێنێت بەبێ هێنانەدى 7 مەرجەکە، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەى ساڵێک بێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
 
ئاسۆ هاشم گوتى: "زەرمەندى ئەو هەموارە ئامادە دەکەین کە بە هۆیەوە سزا دراوە و جارێکى دیکە سکاڵاکە لە دادگەى فیدراڵى تۆمار دەکەینەوە".
 
مەرجەکانى هاوژینیی دووەم بە گوێرەى هەموارەکەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە دەبێت ژنى یەکەم لە دادگە رەزامەند بێت، ژنى یەکەم تووشى نەخۆشى درێژخایەن بووبێت، پیاوەکە تواناى دارایی ئەوەى هەبێت زیاتر لە ژنێکى هەبێت و بۆ ئەوە بەڵگەنامە پێشکێش بە دادگە بکات، بەڵێننامەیەکیش بنووسێت کە دادوەر دەبێت لەنێوان ژنەکانیدا، ئەگەر ژنهێنانى دووەم پێچەوانەى مەرجەکان بێت، سزا دەدرێت و دادوەریش تواناى راگرتنى ئەو سزایەى نییە.