رووداو دیجیتاڵ
20ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێری دەستپێدەکات و زیاتر لە 130 هەزار کارمەند بەڕێوەی دەبەن. وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، مووچە و خەڵاتی رێزلێنان بە کارمەندانی سەرژمێری دەدرێت، ئەو کارمەندانەش فەرمانبەری حکومەتن پلەیان بەرز دەکرێتەوە و لەپێشینە دەبن بۆ وەرگرتنی زەوی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئابی 2024، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "1ی ئەیلوولی ئەم ساڵ یەکەم قۆناخی سەرژمێری کە ژمارەکردنە دەستپێدەکات. وادەی خۆتۆمارکردنی کارمەندانیش بۆ ئەو قۆناخە تاوەکو 14ـی ئاب درێژکراوەتەوە و 35 هەزار بۆ 40 هەزار کارمەند ئامادە دەکەین. بۆ قۆناخی دووەمیش کە 20ی تشرینی دووەم دەستپێدەکات، زیاتر لە 85 هەزار کارمەندی دیکە ئامادە دەبن."
عەبدولزەهرە هینداوی گوتی، "ئەو کارمەندانەی لە پڕۆسەی سەرژمێرییدا وەک کارمەند بەشدار دەبن، سەرەتا راهێنانیان پێدەکرێت. لە کاتی راهێنانەکەدا 100 هەزاریان پێدەدرێت و بۆ سەرژمێرییەکەش کە نزیکەی 5 مانگ دەخایەنێت، مانگانە 250 هەزاریان پێدەدرێت."
فەرمانبەرە حکومییەکانی سەرژمێری سوودمەندی یەکەم دەبن. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق باس لەوە دەکات، "سەرجەم حکومەتە خۆجێییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە کارمەندانی سەرژمێری پلەی فەرمانبەرییان بەرزبکرێتەوە و ئەوەش هاوکار دەبێت بۆ لەپێشینەبوونیان بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی، جگە لەوەی دوای تەواوبوونی سەرژمێری، خەڵاتی رێزلێنانیان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێدەدرێت."
دوایین سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق ساڵی 1997 کرا، کە هەرێمی کوردستانی تێدا بەشدار نەبوو.
لە ساڵی 2009وە حکومەتی عێراق پلانی هەیە سەرژمێری بکات، بەڵام زۆر هۆکار رێگربوون لە ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی.
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ