لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق میوانداریى تەیف سامى دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق میوانداریى وەزیرانى دارایی، پلاندانان و نەوت و پارێزگارى بانکى ناوەندی دەکات. بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەکە، باس لە چەندین بابەت دەکرێت، لەوانەش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەکە کاژێر 10:00ى بەیانیى رۆژی سێشەممە 13ى ئاب لە کۆشکى حکومى دەکرێت و لیژنەى دارایی میواندارى هەریەک لە تەیف سامى، وەزیرى دارایی؛ محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان؛ حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت و عەلى عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق دەکات.
12ى ئاب ئیخلاس دلێمى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى گشتیى دارایی عێراقە و پرسی پارەى نەختینەی تێدا تاوتوێ دەکرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە دواى دوو رۆژە لە روونکردنەوەیەکى وەزارەتى دارایی عێراق کە تێیدا رایگەیاند، کێشەى کەمى نەختینەى نییە بۆ مووچە و مانگانە پارەى پێویست بۆ مووچە هەیە.
ئیخلاس دلێمى گوتى، "یەکێک لەو پرسانەى لە کۆبووەنەکەدا تاوتوێ دەکرێت، دواکەوتنى مووچەى فەرمانبەرانە لە عێراق بەهۆى کەمى نەختینەوە کە زۆربەى وەزارەتەکان مووچەیان دوادەکەوێت. لە کۆبوونەوەکەدا پرسیار لەبارەى دواکەوتنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش دەکەین."
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق پارەى مووچەى مانگى تەممووزى هەرێمى کوردستانى نەناردووە کە مانگانە بڕەکەى زیاتر لە 900 ملیار دینارە.