رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری میدیایی مەحموود مەشهەدانی یەکێک لە بەربژێرانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رەتیدەکاتەوە مەشهەدانی لە رکابەرایەتیی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کشابێتەوە یان نیازی کشانەوەی هەبێت.
عەلا کەعبی، راوێژکاری میدیایی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە بەربژێرانی ئێستا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەحموود مەشهەدانی نە لە رکابەرایەتی وەگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کشاوەتەوە، نە هیچ نیازێکی بۆ کشانەوە هەیە".
گوتیشی: "مەحموود مەشهەدانی لەسەر بەربژێربوون بەردەوامە و دەیەوێت ئەو پۆستە وەربگرێت و چانسیشی زۆرە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئابی 2024، مەشعان جبووری، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی سوننەکان و پەرلەمانتاری پێشوو، لە پۆستێکدا لە ئێکس، وێنەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەڕێز مەشهەدانی ئامادەیە لە کێبڕکێی بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە بەرامبەر پێشکێشکردنی بەربژێرێکی نوێ بکشێتەوە".
بەڵام راوێژکاری میدیایی مەحموود مەشهەدانی دەڵێت، ئەوەی لەبارەی کشانەوەی مەحموود مەشهەدانی بڵاوکراوەتەوە "ناڕاستە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئاب، هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەی خۆیدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە ماوەی نۆ مانگ دەبێت چۆڵە، تاوتوێ دەکات.
رۆژی 30ـی مانگی رابردوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی مۆڵەتی هەفتەیەکی دایە سوننە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە، رۆژی 6ی ئەم مانگەش دەستپێشخەرییەکی راگەیاند، بەڵام هەر نەگەیشتن بە چارەسەر.
دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بریتییە لەوەی:
1-هاوپەیمانیی عەزم دەستبەرداری پۆستی وەزیری پەروەردە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بێت، یان بە پێچەوانەوە.
2-هاوپەیمانیی عەزم ژمارەیەک ناو پێشنیاز بکات، هاوپەیمانیی تەقەدوومیش یەکێکیان هەڵبژێرێت، یان هاوپەیمانیی تەقەدووم ژمارەیەک ناو بەربژێر بکات و هاوپەیمانیی عەزم یەکێکیان هەڵبژێرێت.
3-هەردوو هاوپەیمانێتییەکە بەربژێری خۆیان پێشکێش بکەن. بەڵام رۆژی 6ـی ئەم مانگە هاوپەیمانی سیادە و عەزم و پەرلەمانتاری سوننە لە فراکسیۆنەکانی عەقد و سەربەخۆکان ناوەکانی پێشوویان وەکو بەربژێر هێشتەوە.
لە 14ی تشرینى دووەمی 2023وە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.
سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرییە و مەحموود مەشهەدانى بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدوومە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ