(موقاوەمە) هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

12-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنن، هۆشداری دەدەن بە دانانی هیچ کۆت و بەندێکەوە پابەندنابن ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتەوە سەریان. ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەگەر ئاسمانى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێت، ئەو کاتە رێز لە هیچ سنووردانانێک ناگرن. 
 
ئەو هۆشدارییە لەکاتێکدایە، 31ـى تەممووز لە بۆردوومانێکدا چوار چەکدارى حەشدی شەعبی لە بابل کوژران و ئەمریکاش بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند. دواتر و لە رۆژی 5ـی ئابدا بە مووشەک هێرشکرایە سەر سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بەو هۆیەوە 5 سەربازی ئەمریکی و دوو بەڵێندەر برینداربوون. 
 
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ئاسمانى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر کۆمارى ئیسلامیى ئێران بەکاربهێندرێت، "ئەو کاتە هیچ سنووردانانێک رایانناگرێت".
 
ئەم گوتەیەش لە کاتێکدایە، ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران. ئەمریکاش رایگەیاندووە، پاڵپشتیی تەواو لە ئیسرائیل دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە