رووداو لە سامەڕایە: شارێکی بێ خزمەت و زیاتر لە نیوەی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدان

12-08-2023
ئەنمار غازی
دانیشتووانی سامەڕا، بە گۆڕستانی زیندووەکان ناوی شارەکەیان دەبەن
دانیشتووانی سامەڕا، بە گۆڕستانی زیندووەکان ناوی شارەکەیان دەبەن
نیشانەکردن سامەڕا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سامەڕا شارێکی پەراوێزخراو، بێخزمەت و هەژارنشینی عێراقە. بەپێی ئاماری فەرمی زیاتر لە 50٪ـی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. کامێرای رووداو چووەتە سامەڕا و لەسەر منارە مێژووییەکەیەوە وێنەی شارەکەی گرتووە، کە شارێکی کۆن و بێ خزمەت دەردەکەوێت و سیمای شارستانیی پێوە نەماوە.
 
باوکی مەزهەر، یەکێکە لە خاوەن موڵکەکانی شارە کۆنەکە، کە بەهۆی تەقینەوەکانی ساڵی 2007 داخرا و تاوەکو ئێستاش نەکراوەتەوە. ئەو بە دڵێکی خەمبارەوە باس لە سەتان خێزانی دەوڵەمەندی ئەم شارە کۆنە دەکات، کە بێبەش بوون لە موڵکەکانیان لەو ناوچەیە کە نزیکەی 660 باڵەخانە و زیاتر لە سێ هەزار فرۆشگە و 45 هۆتێل و دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاریی دیکە لەخۆدەگرێت.
 
ئەحمەد عەبدولساڵح، خاوەن موڵک لە ناوچەی کۆنی سامەڕا دەڵێ "ماوەی 17 ساڵە بەدەست ئەم نەهامەتییەوە دەناڵێنین. لە دەرگای هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە بۆ ئەوەی خەمێکمان بۆ بخۆن، بەڵام بێهوودە بوو. خەڵکی ئەم ناوچەیە ویستیان لە شوێنی دیکە کار بدۆزنەوە، ئێستا گەیشتنە ئاستێک نۆکاو دەفرۆشن."
 
محەممەد عیززەت، مامۆستای زانکۆ و دانیشتووی ناوچەی کۆنی سامەڕایە، باس لەوە دەکات دۆخی ئەم شارە بە رێژەی 90٪ گۆڕاوە، "ئەمە لەکاتێکدایە ئەم ناوچەیە جمەی دەهات لە گەشتیار کە سەرچاوەی کار و کاسبی پیشەگەرانیش بوو. ئێستا ناوچەیەکی داخراوە و بەهۆیەوە نەخشەی ئابووریی شارەکە پەرش و بڵاوبووەوە."
 
بۆ چوونە نێو سامەڕا، وەکو رێکارێکی ئەمنی، پێویستە کەفیلێک بدۆزیتەوە. حکومەتی خۆجێیی ئەم شارەش هەوڵدەدات کۆتایی بەم رێکارە بهێنێت.
 
بێبەشکردنی شارەکە لە خزمەتگوزارییەکان هۆکارە بۆ کۆچکردنی بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە.
 
بەکر محەممەد شەریف، قایمقامی شارۆچکەی سامەڕا بە رووداوی گوت "بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و ئەو کێشانەی بەهۆی رێکارە ئەمنییە تووندوتۆڵە پەرشوبڵاوەکانی نێو شارەکە کە لەلایەن چەندین هێزی ئەمنیی جیاوازەوە دەگیرێنەبەر، هۆکاری بێ سەروبەری و پشێوی بووە و، خەڵکەکەش بەم هۆیەوە کۆچ دەکەن. حکومەتی خۆجێیی کاردەکات بۆ لابردنی ئەم ئاڵنگارییانە و هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆ ئەوەی هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکان دروست بکەین."
 
سامەڕا، بە پایتەختی عێراق بۆ شارستانییەتی ئیسلامی دەناسرێت. سەردانە بەردەوامەکانی زیارەتکان بۆ ئەم شارە، مایەی خێر بوو بۆ دانیشتووانی، بەڵام ئێستا دانیشتووانەکەی بە گۆڕستانی زیندووەکان ناوی دەبەن.
 
لێرە، هەزاران خێزان ناویان لە لیستی هەژاری و کەمدەرامەتی تۆمارکراوە. ئەم هەژارانە دوێنێ خاوەن موڵک و سامان و دەوڵەمەند بوون، بەڵام داخستنی شارەکە، هەژار و نەداری کردن. بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش رێژەی هەژاری لەم شارەدا 50٪ـی تێپەڕاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزێکی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بەرگریی عێراق خولى ئەفسەران دەکاتەوە؛ 'پێشمەرگە دەتوانێت بەشدار بێت'

وەزارەتى بەرگریى عێراق خولێکى ئەفسەران بۆ دەرچووانى زانکۆ لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەکاتەوە. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "پێشمەرگەش دەتوانن بەشدار بن".