پەیکەری شا کۆدیا لە زیقار دەگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی خۆی

12-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
خستنەخوارەوە و شێواندنی پەیکەری کۆدیا، یەکێک لە دیارترین پاشاکانی سۆمەرییەکان لە شارۆچکەیەکی پارێزگای زیقار لە عێراق کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، شارەوانی و قایمقامییەتی شارۆچەکەکە داوای لێبووردن لە پەیکەرسازەکەی دەکەن و هەفتەی داهاتووش پەیکەرەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی خۆی.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، 10ـی ئەم مانگە پەیکەری شا کۆدیا، یەکێک لە دیارترین پاشای سۆمەرییەکان لە شارۆچکەی دەوایەی پارێزگای زیقار دوای خستنەخوارەوەی لە شوێنێکی ناوەڕاستی شارۆچکەکە شێوێندرا، وێنەکان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی کاردانەوەی زۆری هەبوو.
ئەحمەد حەسەن، پەیکەرسازی پەیکەرەکە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو رووداوە نیگەرانی کردم، ئازاری دام، بەداخەوە لەلایەن گرووپێکی تووندئاژۆوە پەیکەرەکە خرایە خوارەوە، بەداخەوە ئەوەی روویدا لە دژی من نەبوو، لە دژی شارستانییەتی عێراق و ناوچەکە بوو".
دوێنێ پێنجشەممە، 11ـی تەمموز، فەخری هاشم، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەکە داوای لێبووردنی لەو پەیکەرسازە کرد، ئەوەی بۆ پشتڕاستکردەوە کە ئەوان ئەو کارەیان نەکردووە، هەرچەندە خستنەخوارەوە و لابردنی پەیکەرەکە درایە پاڵ شارەوانی.
ئەحمەد کە ژمارەیەک پەیکەری لە شوێن و ناوچەکانی دیکە هەیە، لە بنەڕەتدا دانیشتووی قەزای شەترەی پارێزگای زیقارە، ئەو پێش سێ ساڵ پەیکەری شا کۆدیای لەسەر گیرفانی خۆی لە شارۆچکەی دەوایە دانا، ئێستا بە گوتەی خۆی دوای وەرگرتنەوەی پەیکەرەکە سەرقاڵی چاککردنەوەیەتی و هەفتەی داهاتوو لە شوێنی خۆی دادەنرێتەوە.
وێنەکانی سۆشیاڵ میدیا لەبارەی پەیکەرەکەوە نیگەرانکەر بوون، پەیکەرەکە کە شوێنەکەی نزیک قایمقامییەتی شارەکەیە، بەستراوەتەوە و فڕێدراوەتە سەر زەوی، چالاکوانانی شارۆچکە و پارێزگاکە زۆریان لەبارەوە نووسی، رووداوەکە لەسەر ئاستی عێراقیش لێکەوتەی هەبوو بە سەرکوتکردنی ئازادی و شێواندنی مێژووی عێراق و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمی "نەفامی" لێکدرایەوە.
 
ئەحمەد حەسەن، لەسەر "سووکایەتی" بە پەیکەرەکەی سکاڵای لەسەر کەس نییە، ئەو دەڵێت، "چاوەڕوانم دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەو بابەتە وەڵامیان هەبێت".
کۆدیا، یەکێکە لە پاشاکانی سۆمەرییەکانی عێراق، لە لەگەش کە دەوایەی ئێستا دەکات نیشتەجێبووە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە ئەو پەیکەرسازە پەیکەرەکەی تێدا دابنێت. لەسەر ئەو شتی زۆر نووسراوە، گوایە یەکەم پاشای مێژووە کە رێوڕەسمی دەستبەکاربوون و سەرۆکایەتی بۆکراوە و لە رێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە بووە بە پاشا.
پاشاکە بۆ سەردەم و حوکمڕانیی لەگەش دەگەڕێتەوە کە ساڵی 2144-2124 پێش زایین حوکمڕان بووە، لە سەدەی 22ی پێش زایین ژیاوە، سەردەمی ئەو پاشایە بە بەشێک لە هەستانەوەی سۆمەرییەکان هەژمار دەکرێت، کە حوکمڕانی خاکی میزۆپۆتامیا بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت