هەواڵگریی عێراق چەکدارێکی داعشی کوشت کە کۆنترۆڵی خۆتەقاندنەوەی لەدەستدا بوو
رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کوشتنی دوو چەکداری داعشی لە شارۆچکەیەکی پارێزگای دیالە راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، یەکێک لە دوو چەکدارەکە بە مەترسیدار ناودەبات و دەگوترێت پشتێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و کۆنتڕۆڵی تەقاندنەوەکەشی لەنێو دەستدا بووە.
رۆژی هەینی 12-07-2024 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رایگەیاند، "لە هێرشێکی تایبەتی هێزەکانی هەواڵگریی سەربازی و فەوجی 1ی لیوای مغاویری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای دیالە، دوو تیرۆریستی داعش لە یەکێک لە باخەکانی گوندی ئەلعیدی سەر بە پارێزگای دیالە کوژران".
بەپێی راگەیێندراوەکە، یەکێک لە کوژراوەکان ناوی ئەبو حارس بووە و پشتێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و کۆنتڕۆڵی تەقاندنەوەی لەنێو دەستدا بووە پێش ئەوەی بکوژرێت و ئامادە بووە بۆ خۆتەقاندنەوە. ئەبو حارس لەنێو داعشدا بەرپرسی ناحیەی خان بەنی سەعد بووە.