رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق دووەم گرێبەست لە چوارچێوەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەمریکى واژۆ دەکات کە تایبەتە بە راوێژکاریی دارایی.
گرێبەستەکە 11ى تەممووز لە نێوان یونس خالید، بەڕێوەبەرى گشتى کۆمپانیاى رێگەى ئاسنینى عێراق و پیردۆ ئۆلیڤێرا، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى ئۆلیڤەر وایمەن واژۆ کراوە.
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، گرێبەستەکە هاوکار دەبێت بۆ بەبازاڕکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان و سەرپەرشتیکردنى دەرفەتەکانى وەبەرهێنان لەو پڕۆژەیەدا.
ئۆلیڤەر وایمەن بارەگاى سەرەکیى لە ئەمریکایە، دووەم کۆمپانیایە کە گرێبەستى لەگەڵ بکرێت لە چوارچێوەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان، لەدواى ئەوەى ساڵى 2023 گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاى برۆنۆ تریگاى ئیتاڵى واژۆ کرا، وەک راوێژکار بۆ نەخشەى پڕۆژەکە.
رێگەى گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لەرێگەى ئاسن و وشکانى پێکدێت بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵاى بازرگانى، بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمى کوردستان تێپەڕ دەبێت.
پێشتر لە 2ى ئایار مەیسەم سافى، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو: "بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیای رێگەى ئاسنیى عێراق سەرپشک کراوە بۆ واژۆکردنى گرێبەستەکە و ئەرکى کۆمپانیاکە پرسی دارایی پڕۆژەکە و سوودى ئابوورییەتى".
تێچووی پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان 17 ملیار دۆلارە، ساڵى 2050 تەواو دەبێت، پێشبینی دەکرێت داهاتى ساڵانەى بگاتە چوار ملیار دۆلار.
لە پەراوێزى واژۆکردنى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکە، رەزاق سەعداوى ، وەزیرى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند 80%ى نەخشەى بنەڕەتى سەرەتایی پڕۆژەکە تەواو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ