پارێزگاری بەسرە: هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی کوێت بکەن
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بەسرە رایدەگەیێنێت، لە ماوەکانی داهاتوودا عێراقییەکان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی وڵاتی کوەیت بکەن، ئەو هەنگاوەش بۆ پەیوەندیی نێوان گەلانی عێراق و کوێت "گرنگە."
ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، لەبارەی چوونی هاووڵاتییانی عێراقی بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان بۆ سەردانیکردنی وڵاتی کوێتی دراوسێی عێراق رایگەیاند: لە سەردانەکەی ئەمدواییەی وەزیری ناوخۆێ عێراق بۆ وڵاتی کوێت رێککەوتنی سەرەتایی لەبارەی ژمارەیەک دۆسییە و بابەت کراوە، یەکێک لە دیارترین ئەو بابەتانە، ئەو خاڵە گرنگەیە کە بریتییە لە هاتوچۆی هاووڵاتیانی عێراق بۆ کوەیت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی پەسندکردووە کە پەسندکراوی نێودەوڵەتییە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر رێککەوتنەکە هەبووە.
لەبارەی کاتەکەیەوە، عێدانی دەڵێت، لە هەفتەکانی داهاتوودا، یان لە چەند مانگی داهاتوودا ئەم بابەتە روودەدات کە بریتییە لە ئاسانکردنی هاتووچۆی هاووڵاتییانی عێراق و چوونیانە بۆ وڵاتی کوێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پێویستە هاووڵاتییانی عێراق بۆ چوونە نێو کوێت "پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی پەسندکراوی نێودەوڵەتی و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیش ئەو ژمارە نوێیە بن کە ئێستا دەدرێت."
سەرەتای ئەم هەفتەیە، عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بە سەردانێک گەیشتە کوێت و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە سەردانەکەیدا باسی پێدانی ڤیزە بەو عێراقییانە کردووە کە سەردانی کوێت دەکەن، لەگەڵ ژمارەیەک پرسی دیکەش.
کوێت یەکێکە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق، زیاتر لە 250 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵدا هەیە، بەسرە یەکێکە لە پارێزگاکانی باشووری عێراق و هاوسنوورە لەگەڵ ئەو وڵاتە.