رووداو دیجیتاڵ
راکان عەلاف هونەرمەندێکی موسڵە و زیاتر لە 50 ساڵە دەرهێنەری شانۆیە، بەڵام خولیایەکی تایبەتی بۆ میوزیک و ئامێرە دەنگییەکان هەیە، هەر لە خەمی ئەو ئامێرانە لە سەردەمی داعشدا شارەکەی جێنەهێشتووە.
یەکێک لە ژوورەکانی ماڵی ئەو هونەرمەندە، لە تۆمارگەیەکی سەدەی رابردوو دەچێت، نزیکەی 60 ئامێری دەنگی تێدایە، بەشێکی زۆر لەم ئامێرانە تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 100 ساڵ زیاترە.
راکان عەلاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاتێک داعش موسڵی داگیرکرد بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ماڵەکەم زیندانی کرام، ئەگەر داعش بیزانیبوایە دەرهێنەرم، بێ دادگاییکردن سەریان دەبڕیم".
ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەدات کە بەهۆی هاتنی داعش، زیاتر لە نیوەی کەلوپەلەکانی لەنێوچووە و "بەشێکی زۆر لە کاسێتەکانم سووتان، ئامێرەکانم بەسەر چەند ماڵێکی خزم و کەسە نزیکەکانم دابەشکرد، بەڵام بەهۆی گواستنەوەیان 200 کاسێتم ونبوون، جگە لە ونبوونی 500 کتێب".
عەلاف زیاتر لە دوو هەزار فیلمی کاسێتی، هەزار و 500 کاسێتی دەنگی و هەزار و 200 قەوانی کۆنی هەیە.
لەو ئامێرە سەرنجڕاکێشانەی لە ماڵەکەیدا پاراستوونی، گرامافۆنێکە کە تەمەنی 100 ساڵە، رادیۆیەکی تەمەنی 90 ساڵە و ریکۆردەرێکی تەمەنی 65 ساڵیشی هەیە.
راکان عەلاف لە 1945 لە موسڵ لە دایکبووە، ساڵی 1962 بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدادی تەواوکردووە، لە 1972 بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن رووی لە فەرەنسا کردووە و لە بەشی سینەما و شانۆ لە زانکۆی سۆربۆن خوێندوویەتی و بە گوتەی خۆی، یەکەم عێراقی بووە پاسپۆرتی هونەرمەندی (ئارتسیست پاسپۆرتی) هەبێت، زیاتر لە 50 ساڵە وەک ئەکتەر و دەرهێنەر کاری کردووە.
خولیای بۆ کۆکردنەوەی ئامیرەکان بۆ قۆناخی منداڵیی دەگەڕێتەوە، هەرکاتێک کەمێک پارەی کۆکردووەتەوە، ئامێرێکی کڕیوە و لەلای خۆی پاراستوویەتی.