وەزیری کۆچ و کۆچبەران داوای سێ ملیار دینار قەرەبوو لە پەرلەمانتارێکی پارتی دەکات

12-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

بەپێی بەڵگەنامەیەک، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سکاڵای لەسەر پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دادگەی کەرخی بەغدا کردووە و داوای قەرەبووکردنەوەی سێ ملیار دیناری لێدەکات، پەرلەمانتارەکەش دەڵێت "پێبژاردنم داوە و ناتوانێت قەرەبوو وەربگرێت."
 
بەپێی بەڵگەنامەیەک، ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دادگەی کەرخی بەغدا سکاڵای لەسەر ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، داوا دەکات دلێمی سێ ملیار دینار قەرەبووی بکاتەوە، گوایە لە یەکێک لە گرووپەکانی واتساپ سووکایەتیی پێکردووە و ناوی زڕاندووە، بەو هۆیەوە زیانی مادی و مەعنەوی لێداوە.
 
سکاڵاکە لە دادگەی بەرایی کەرخ تۆمارکراوە، نێردراوە بۆ پەرلەمان دوای ئەوەی رێکارەکانی لە دادگە تەواو کردووە، بەڵام ئیخڵاس دلێمی دەڵێت "ئەو دۆسییەیە داخرا و قەرەبوو وەرناگرێت."
 
دلێمی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێشتر لەسەر ئەو بابەتە سکاڵام لەسەر وەزیری کۆچ و کۆچبەران کرد و دادگە لە بەرژەوەندیی من بڕیاری دا، بەڵام دواتر لە دادگەی کەتنی کەرخ سکاڵای کردەوە و دادگە بڕیاری لە بەرژەوەندیی ئەو دا، منی بە پێبژاردن بە یەک ملیۆن دینار سزادا و پارەکەم دا، دۆسیەکە داخرا و کۆتایی پێهات، ئێستا جارێکی دیکە سکاڵایەکی دیکەی پێشکێش کردووە و داوای قەرەبووی سێ ملیار دینار دەکات."
 
جگە لەوەی ئامادەنییە ئەو پارەیە بدات، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەگەر داواکارییەکە بێتە پەرلەمان رەتدەکرێتەوە، چونکە بەپێی هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقی، من پارێزبەندیم هەیە و داواکە پێشتر داخراوە و هیچ قەرەبوویەکی ناکەوێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد بەهۆی هەڕەشەکردن و سووکایەتیکردنەوە سکاڵای لەدژی رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیوون، کردووە کە گوایە هەڕەشەی لێکردبوو ناتوانێت نووسینگە لە قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا بکاتەوە. هەروەها سکاڵای لەدژی پەرلەمانتاران ئەسوان کلدانی، هیبە جەرجیس، بەیدا خزر، کە سێ پەرلەمانتاری ئەو بزووتنەوەیەن و هەموویان لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە هەمان بزووتنەوەی سیاسیین، تۆمارکردووە.
 
دلێمی گوتی "دادگە تەماشای ئەو سکاڵایە دەکات و چاوەڕێی بڕیاری دادگە دەکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.