بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەلاحەدین بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا

12-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکی عێراقی، لەسەر گەندەڵی و ساختەکاری لە مامەڵەی خانەنشینی، سزای 10ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەلاحەدین دەرکرد.
 
رۆژی چوارشەممە (12-06-2024) ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی ئەنبار، بە تاوانی ساختەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە مامەڵەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی سەلاحەدین، سزای 10 ساڵی زیندانی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەلاحەددین دەرکرد. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەلاحەدین لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە بە پارە مامەڵەی خانەنشینی تایبەت بە قوربانییانی تیرۆریان دەرکردووە و ساختەکردووە.
 
لە 25ـی کانوونی دووەمی 2021، حەمەد شەهاب حەمەد جواری لە پۆستی بەڕێوەبەری خانەنشینی سەلاحەدین دوورخرایەوە.
 
لە کانوونی دووەمی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دانپێدانانی گرووپێکی بڵاوکردەوە، کە لە 34 کەس پێکهاتبوون، کاریان ساختەکاری و دەرکردنی خانەنشینی بووە بە پارە بۆ کەسوکاری قوربانیانی تیرۆر.
 
گرووپەکە بەرپرسانی خانەنشینی لە ئەنبار و سەلاحەدین تێدا بوو، وەک حەمەد شەهاب حەمەد جواری، بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەلاحەدین، بەڕێوەبەری بەشی قوربانیانی تیرۆر، بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوئاهەنگی لە دەزگای شەهیدان، بەڕێوبەری بەشی پرۆگرامسازی و سیستمی زانیارییەکانی خانەنشینی گشتی و کارمەندانی شارەوانیی ئەنبار و ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەند. 
 
بەگوتەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەو گرووپە زیاتر لە تریلیۆنێک دیناریان بەهۆی کاری ساختە دزیوە و، مەترسیدارترین گرووپی ساختەکاریی مامەڵەی خانەنشینی بوون. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە