سەدر داوا لە پەرلەمانتارانی دەکات دەستلەکارکێشانەوە پێشکێشی سەرۆکی پەرلەمان بکەن

12-06-2022
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر داوا لە ئەندامانى فراکسیۆنەکەى دەکات نامەى دەستلەکارکێشانەوەیان رادەستى سەرۆکی پەرلەمان بکەن. دوای نزیکەی نیو کاژێریش محەممەد حەلبوسی دەستلەکارکێشانەوەکانی واژۆ کرد.
 
ئەمڕۆ 12ى حوزەیرانى 2022 موقتەدا سەدر لە نامەیەکدا کە ئاراستەى حەسەن عەزارى، سەرۆکى فراکسیۆنى سەدر کردووە، داواى لێدەکات نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ئەندامانى فراکسیۆنەکە رادەستى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بکەن.
 
موقتەدا سەدر سوپاسى ئەندامانى فراکسیۆنەکەى کردووە بۆ ئەو کارانەى لە ماوەى رابردوودا ئەنجامیانداوە، هەروەها سوپاسى هاوپەیمانەکانى کردووە لە هاوپەیمانى رزگارکردنى نیشتمان بۆ ئەو هەڵوێستەکانیان و بە "نیشتمانى" ناوى برد. 
 

نووسراوی موقتەدا سەدر بۆ پەرلەمانتارانی
نووسراوی موقتەدا سەدر بۆ پەرلەمانتارانی

رەوتی سەدر گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقە و لە 73 پەرلەمانتار پێکدێت. لە ماوەکانی رابردوودا جەعفەر سەدر وەکو بەربژێری رەوتەکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشانکرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە، تاوەکو ئێستاش پەرلەمان لەبارەی سەرۆکوەزیرانەوە کۆنەبووەتەوە.
 
موقتەدا سەدر لە نامەکەیدا سوپاسی جەعفەر سەدر دەکات و داوا دەکات بەردەوام بێت لە "سەرکەوتن". هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات ئەو هەنگاوەیان قوربانیدانە لەپێناو نیشتمان و گەل و دوورخستنەوەیانە لە چارەنووسێکى نادیار.
 
دوای نزیکەی نیو کاژێر حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر چووە لای محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەکان واژۆکران.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە