رووداو دیجیتاڵ
درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بەنیازە بۆ درێژکردنەوەی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق میوانداریی بەرپرسانی کۆمیسیۆن بکات، پێش ئەوەی لە پەرلەمان دەنگ لەسەر رەشنووسی یاسای درێژکردنەوەی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بدرێت.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وادەی کۆمیسیۆن بەپێی رەشنووسی یاساکە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژدەکرێتەوە، واتە لە 7ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات تاوەک 7ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2025."
پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی یاسای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی بۆ شەش مانگی دیکە کرد، هێشتا وادەی خوێندنەوەی دووەم دیارنییە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "ئەگەر وادەی کۆمیسیۆن درێژبکرێتەوە تەنیا بۆ کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی داهاتوودا ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیۆن هەڵدەبژێردرێت."
رەشنووسی یاسای درێژکردنەوەی وادەی کۆمیسیۆن، لە دوو مادە پێکدێت، ئەو یاسایە دوای پەسندکردن و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق کاری پێدەکرێت.
عارف حەمامی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت کۆدەنگییەک هەیە بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیارانەوە بکرێت.
رۆژی 22ى تشرینى دووەمى 2023، پەرلەمانى عێراق بڕگەیەکى مادەى 7ى یاساى کۆمیسیۆنى هەموار کرد و تەمەنى کردە 54 مانگ لە رۆژى دەستبەکاربوونیانەوە لە 7ى کانوونى دووەمى 2020. بە گۆڕینى بۆ 60 مانگ، تەمەنى ئەو ئەنجوومەنە شەش مانگ درێژ دەبێتەوە.
تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە 7ى تەممووز کۆتایی دێت، 10ى حوزەیران دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەڵام بە بڕیارێکى دادگەى فیدراڵى رێوشوێنەکانیان بۆ ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە راگیراوە.
راگرتنى رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆن وادەکات ئەنجوومەنەکەى نزیک ببێتەوە لە کۆتاییهاتنى تەمەنى و رێگر بێت لەوەى کە سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات ئەگەر تەمەنى درێژ نەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ