دادگەی فیدراڵی سێ سکاڵای پەیوەست بە هەرێمی کوردستانی دواخست

12-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی فیدڕاڵی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا سێ سکاڵای پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستانی بۆ کۆتایی مانگی داهاتوو دواخست. سکاڵایەکیشی لە دژی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی رەتکردەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چوار سکاڵا کۆبووەوە، سێیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، سێ سکاڵاکەی بۆ رۆژی 30ـی حوزەیرانی 2024 دواخستن، ئەوانیش داخستنی کەمپەکان، سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی و فرەژنی لە هەرێمی کوردستان بوون.
 
سکاڵای یەکەمیان لەلایەن ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. سکاڵاکار داوایکردووە دادگەکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات.
 
بەپێی بڕیارەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ی تەممووزی ئەمساڵی بە دوا کات بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان داناوە.
 
کەیسیکی دیکە تاوتوێکردنی سکاڵای وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانی و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بوو کە دادگەکە دوایخست.
 
وەهاب هەڵەبجەیی لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 7ى ساڵى 2018 دیاریکراوە، جگە لەوەش سەرجەم ئەو سزایانەی لە دادگەکانی هەولێر لە دژی ئەو دەرچوون، هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا. لە مادەى 18دا ئاماژە بەوە دراوە، بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی کوردستان.
 
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەرکرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
 
یەکێکی دیکە لەو سکاڵایانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو و دادگە بۆ کۆتایی مانگی حوزەیران دوایخست، لە دژى پێنج مەرجى هێنانى ژنى دووەمە لە یاسای بارى کەسێتى، کە لەدواى هەموارکردنى یاساکە لە پەرلەمانى کوردستان زیاد کراون.
 
پارێزەر بەرهەم رەئوف عەلى، کە سکاڵاکەی کردووە، بە رووداوى راگەیاند، بۆ دانیشتنى یەکەمى دادگە، کۆنووسێکى زانیارى پێشکێش دەکات کە پاڵپشتى سکاڵاکەى دەبێت، لەوانە ئامارى جیابوونەوە لە ساڵى 2023 لە عێراقدا.
 
بەگوێرەى هەموارەکەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە مادەی 7ی یاساکەدا کراوە، هێنانى ژنى دووەم بەبێ رەچاوکردنى ئەو مەرجانە، سزاکەى بەندکردنە بۆ ماوەى ساڵێک بەبێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
 
ئەو مەرج و سزایانەى کە لە هەرێمى کوردستان بۆ هەموارى یاسای بارى کەسێتى ژمارە 188ى ساڵى 1959 زیاد کراون، لە عێراق نین. لە یاساکەی عێراق تەنیا دوو مەرج هەن بۆ هێنانى ژنى دووەم کە بریتین لەوەی کچەکە گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.