عێراق و سووریا رێککەوتنێکی ئەمنی واژۆ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق واژۆکردنی رێککەوتنێکی پێنج خاڵیی ئەمنیی لەگەڵ سووریا راگەیاند و بڕیارە 22ی تەممووزی ئەم ساڵ کۆبوونەوەی ئەمنیی هەرێمی لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ محەممەد خالید رەحموون، وەزیری ناوخۆی سووریا لە بەغدا واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەمنیی راگەیاند.
شممەری گوتی، "رێککەوتننامەکە هەنگاوێکی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەشە لەنێوان هەردوو وڵات و سەرەتایەکە بۆ هەنگاوی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە."
رێککەوتننامەکەی نێوان عێراق و سووریا پێنج بوار لەخۆدەگرێت، بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، تیرۆر، رێکخستنی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و شووشتنەوەی پارە، رادەستکردنەوەی داواکراوان لەلایەن دادگەکانەوە.
وەزیری ناوخۆی سووریا، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، هاوئاهەنگییان لەگەڵ عێراق بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بڕی زۆری مادەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆڕی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر.
محەممەد خالید رەحموون گوتی، "22ی تەممووزی ئەم ساڵ لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی گشتگیر بۆ تۆکمەکردنی هاوئاهەنگیی ئاسایشی هەرێمی دەبەسترێت."
سووریا بە یەکێک لە رێڕەوەکانی هێنانی مادەی هۆشبەر بۆ عێراق هەژماردەکرێت، هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە 600 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، عێراق لەنێو وڵاتانی جیهان لە پلەی 32 دا دێت، کە مادەی هۆشبەریان تێدا بڵاوە.