ساڵی سڕکردن کۆتاییهات؛ سەدر بە ناو و ئاڵای نوێوە دەگەڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بێدەنگیی چەند مانگێک و سڕکردنی ساڵێکی رەوتەکەی، موقتەدا سەدر بۆ یەکەمجار لەپاڵ ئاڵا نوێیەکەیدا، ناوی رەوتە نوێیەکەی دەهێنێت. ئەو کە دەرکەوتنی "بێزارکەر"ە بۆ نەیارەکانی، لە ساڵیادی کوشتنی باوکیدا، ناوی ئەو پێنج کەس و لایەنانە دەهێنێت کە بوونە هۆی کوشتنی باوک و دوو براکەی.
 
لەنێو هەزاران لایەنگریدا و لەپاڵ سێ تابوت، کە تەرمی سیمبولیی محەممەد سادق سەدری باوکی و موستەفا و موئەمەلی برای دەنوێنێت، دوای نزیکەی ساڵێک بێدەنگی، موقتەدا سەدر لە شاری نەجەف دەرکەوتەوە.
 
سەدر، کە لە دەرکەوتنیدا دڵی نەیارانی دەترسێنێت و دڵی لایەنگرانی خۆش دەکات، بۆ یەکەمجارە لەپاڵ ئاڵاکانی عێراق، فەلەستین، ئاڵای رەوتە نوێیەکەی، "رەوتی نیشتمانیی شیعە" دەرکەوت.
 
دوای خوێندنەوەی پارچە شیعرێک، موقتەدا سەدر گوتارێکی دوو ساڵ لەمەوبەری خوێندەوە، کە ئەو کات بەهۆی دەنگ بەرزکردنەوەی لایەنگرانی، تەواوی نەکردبوو، دواتر لە پێنج خاڵدا وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە کێ باوکی (محەممەد سادق سەدر)ی کوشت و گوتی:
 
یەکەم: ئەوەی باوکمی کوشت بەعسی سەدامیی نەفرەتلێکراو بوو، بە فەرمانی راستەوخۆی ستەمکار ئەو یان یەکێک لە کوڕەکانی نەفرەتی خوایان لێبێت، لەدوای گوتاری داواکردنی رزگارکردنی دیلەکان.
 
دووەم: ئەوەی شەهید سەدری کوشت ئەمریکا و ئیسرائیلی داگیرکار بوو، بەتایبەت دوای رەخنەکانی لەو دوو وڵاتە.
 
سێیەم: هەندێک لە نەیارەکانی لە دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوا، دوای تۆمەتبارکردنی بەکرێگیراوی و ناپاکی.
 
چوارەم: کۆمەڵگە شایانی مانەوەی نەبوو، زۆر ستەمی لێکرا و بەرگریکاران لێی کەم بوون.
 
پێنجەم: پەرتەوازەیی لایەنگرانی، هەندێکیان بەرەو رووی دونیا رایاندەکرد و دوورکەوتنەوە لە خودا و رۆژی دوایی.
 
محەممەد محەممەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر یەکێک بوو لە مەرجەعە دیارەکانی شیعەی دوازدە ئیمامی لە عێراق؛ لە ساڵی 1999 لە ناوچەی حەنانە لە شاری نەجەف لە نێوەڕاستی عێراق لەگەڵ دوو کوڕی خۆی بدەستڕێژی گوللەیان لێکرا و کوژران. محەممەد محەممەد سادق سەدر بەرهەڵستکارێکی دیاری دەسەڵاتی حیزبی بەعس و سەددام حوسێن بوو لە عێراق.
 
"نەخێر نەخێر ئەمریکا، نەخێر نەخێر ئیسرائیل، نەخێر نەخێر بەعس، نەخێر نەخێر شەیتان،" لە دیارترین ئەو دروشمانە بوون کە سەدر لەگەڵ گوتنەوەیاندا داوای لە لایەنگرانی کرد بەدوایدا و بە دەنگی بەرز بیانڵێنەوە، جگە لە دروشمی" بەڵێ بەڵێ بۆ یەکگرتوویی،" بەڵام وەکو گوتی، "یەکگرتوویی سەدرییەکان نەوەک گەندەڵکاران."
 
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە کە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022، دوای کشاندنەوەی 73 پەرلەمانتارەکەی لە پەرلەمانی عێراق لە گۆڕەپانی سیاسیی دوورکەوتەوە، 18ـی ئاداری ئەمساڵ سەردانی عەلی سیستانی کرد، هەرچەند وا بڵاوکرایەوە بۆ گەیاندنی پرسەیە، بەڵام مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار ناوی رەوتەکەی "سەدر" بۆ "رەوتی نیشتمانیی شیعە" گۆڕی.
 
"گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی"، ئەمە ئەو دەستەواژەیە کە ماوەیەکە بەشێک لە سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی شیعەی بێزار کردووە، هەرچەندە لە راگەیاندنەکان داوای گەڕانەوەی دەکەن، بەڵام لە پشتی پەردەوە لەگەڵ دەستخستنە نێو سیاسەتی موقتەدا سەدر نین و پێیانوایە سەریان لێ دەشێوێنێت.
 
"نەخێر نەخێر ئەمریکا"، یەکێک بوو لە دروشمەکانی نێو گوتارەکەی سەدر، بە لایەنگرانی گوت ئەو دروشمە بەرزتر بڵێنەوە و وەکو خۆی گوتی، "بیدەن بە گوێی ئەوانەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەکەن."
 
ئێران گەڕانەوەی سەدری پێخۆش نییە و ئەمریکاش لێی دڵنیا نییە. غازی فەیسەڵ، سەرۆکی سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوەکانی ستراتیژی، لەبارەی گوتارەکەی موقتەدا سەدر، دەڵێت: "موقتەدا سەدر دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسیی، گەڕانەوەی پێویستی بە راگەیاندن نییە و جوڵەکانی ئەمساڵی ئەوە دەردەخات کە دەگەڕێتەوە."
 
ئەو شیکەرەوەیە، کە پێیوایە گەڕانەوەی سەدر بۆ بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، دەڵێت، "پێشوازیکردنی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵا لە موقتەدا سەدر ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی، بۆ پشتیوانیلێکردنی، بەتایبەت ئەم مەرجەعە عێراقییە ئامادە نییە پێشوازی لە سیاسەتمەدارانی دیکەی عێراق بکات، ئەوان تەنیا لەلایەن مەرجەعەکانی قومەوە پێشوازییان لێدەکرێت، بەڵام سەدر لەلایەن سیستانی، پشتیوانیی سیستانی بۆ سەدر گرنگە."
 
دەرکەوتنەوەی سەدر لەلایەن بەشێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی درایە بەر تانە و تەشەر، گەڕانەوەی بە پاشگەزبوونەوە لە هەڵوێستەکانی و راڕایی لە بڕیارەکانی کە بەشێک موقتەدا سەدری پێ ناسراوە، ناو بردووە. 
 
رۆژی چوارشەممە 1ـی شەوالی 1445ـی کۆچی کە بەرامبەرە بە 10ـی نیسانی 2024، موقتەدا سەدر لە نووسراوێکدا، کە بە دەستوخەتی خۆی نووسرابوو، ناوی رەوتەکەی بۆ "رەوتی نیشتمانیی شیعە" گۆڕی.
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، بە بەدەستهێنانی 73 کورسی پەرلەمانی عێراق بووە هێزی یەکەم، لە رۆژی 15ـی حوزەیرانی 2022، کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی راگەیاند و لەو کاتەوە جار جار داوای خۆپێشاندان و نوێژی یەکگرتوویی دەکات.
 
رۆژی 14ـی نیسانى 2023 موقتەدا سەدر هەژمارى تایبەتى خۆى لە تویتەر داخست و رایگەیاند، بۆ ماوەى ساڵێک رەوتەکەى سڕ دەکات.