رووداو دیجیتاڵ
هێڵی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی رایگەیاند، فڕۆکەی جۆری Airbus A220 کە لەلایەن هێڵی فڕۆکەوانیی عێراقییەوە بەکاردەهێندرا، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە بزوێنەرەکەی، رادەگیرێت و وڵاتەکە چیدی ئەو فڕۆکەیە بەکارناهێنێت.
رۆژی هەینی، 12ـی ئایاری 2023، هێڵی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بڕیاری راگرتنی بەکارهێنانی فڕۆکەی جۆری Airbus A220 بەهۆی رەچاوکردنی سەلامەتیی سەرنشینەکان و هەستکردنمان بە بەرپرسیاری بووە. دوای ئەوەی فڕۆکەکە لە 30-4-2023، لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە، بزوێنەرەکەی زیانێکی زۆری پێگەیشت؛ دوو رۆژ دوای ئەوە فڕۆکەیەکی دیکە کە هەمان جۆری Airbus A220 بوو لە گەشتێکیدا کە لە عێراقەوە بەرەو تونس دەڕۆیشت تووشی هەمان کێشە بوو."
هێڵی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هێڵی ئاسمانیی سویسرا و میسری هەمان کێشەیان لە بزوێنەری فڕۆکەی Airbus A220 دۆزیوەتەوە و ئەوانیش ئەو جۆرە فڕۆکەیە بەکارناهێنن.
فڕۆکەی جۆری Airbus A220 فڕۆکەیەکی دروستکراوی کەنەدایە و لە ساڵی 2016ـەوە خراوەتە خزمەتی هێڵەکانی فڕۆکەوانی و دەتوانێت 132 سەرنشین لەخۆبگرێت و عێراق چوار فڕۆکەی لەو جۆرەی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ