رێکخراوی بەدر: ٥٠% پاڵاوگەی بێجی لە کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە

رووداو-ئاژانسەکان

رێکخراوی بەدر، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی نێو هێزی حەشدی شەعبی شیعە لە عێراق، رایگەیاند ئێستا ٥٠% پاڵاوگەی بێجی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە.

موعین کازمی، سەرکردەی رێکخراوی بەدر راشیگەیاند: "ئێستا ٥٠% پاڵاوگەی بێجی لەژێر دەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە و ژمارەیەک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ پاراستنی پاڵاوگەکە".

سەرکردەکەی رێکخراوی بەدر گوتیشی "بڕیارە بەمنزیکانە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەستپێبکات بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچە رزگارکراوەکان هەر لە بەغداوە تاوەکو پارێزگاکانی سەڵاحەدین، بابل و کەربەلا".

پاڵاوگەی بێجی دەکەوێتە دووری ٤٠کم لە باکووری شاری تکریت ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، پاڵاوگەکە ماوەی نزیکەی ١١ مانگە بەردەوام رووبەڕووی هێرشی چەکدارانی داعش دەبێتەوە، لەودەمەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند کە "پاراستنی پاڵاوگەی بێجی لە هێرشی داعش کارێکی ئەستەمە و ئەنجامەکانی پێشبینی ناکرێن".