(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دەکات

12-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوە و خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، هۆشداری بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەن لە ئەگەری هەر هێرشێک و دەڵێن، "راستەوخۆ وەڵامیان دەدەینەوە".
 
ئەمڕۆ هەینی، 12ـی نیسانی 2024، "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لەبارەی ئەو دۆخەی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و رەخنەی تووندیش لە حکومەتی عێراق دەگرێت.
 
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەڵێت، "گۆڕینی بەردەوامیی ناو و ناونیشانی داگیرکاریی ئەمریکی و ناساندنی بە هاوپەیمان و هاوبەشی بەردەوامی ئەمنی و هەر ناوێکی دیکە هیچ بەهایەکی نییە. ئەوان تاوەکو ئێستا هێزە داگیرکارەکانیان لەسەر جەستەی برینداری عێراق دەمێننەوە و سەروەرییەکانی و ئاسمانی پێشێل دەکەن؛ هەروەها کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر بڕیارە ئەمنییەکانییدا هەیە، وەک چۆن هەژموونی بەسەر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و جومگە سەرەکییەکانی هێزە ئەمنییەکانی هەیە".
 
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەشڵێت، "داگیرکاران بەوەش نەوەستاون، بەڵکو ژمارەی هێزە داگیرکارەکانیان زیاتر کردووە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە نیازی کشانەوەیان لەم نیشتمانەدا نییە".
 
ئەو گرووپە چەکدارە هەروەها دەڵێت، "ئەمریکای تاوانبار رۆژ دوای رۆژ پشتیوانی و پاڵپشتییەکانی بۆ قەوارەی زایۆنیزم زیاتر دەکات. ئێمەش بەرپرسیارێتی تەواو دەخەینە ئەستۆی ئەمریکا لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر گەمژەییەکی هێزەکانی یان هێزەکانی قەوارەی زایۆنیزم لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر. هۆشدارییان پێ دەدەین، لە هەر شوێنێک دەستمان پێیان بگات وەڵامی راستەوخۆمان دەبێت." 
 
بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی 1ـی نیسانی ئەم ساڵ هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و حەوت ئەفسەر و راوێژکاری سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران.
 
ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەو وڵاتە دەکەن و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن. 
 
ئیسرائیلیش دەڵێت، وەڵامی بۆ هەر هێرشێکی ئێران دەبێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین". 
 
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "هەر هێرشێکی راستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل، وەڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێران بەدوادا دێت".
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، "پابەندبوونی ئێمە بۆ ئاسایشی ئیسرائیلەوە دژی هەڕەشەکانی ئێران و پاشکۆکانی پۆڵایینە. ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل."
 
لە 17-10-2023ـەوە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) بەرپرسیارێتی خۆی لە زیاتر لە 160 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و عێراق راگەیاندووە و دەڵێت، ئەو کارەی هاوسۆزییە بۆ غەززە و وەڵامدانەوەی ئەمریکایە لە بەرامبەر پاڵپشتییەکانی بۆ ئیسرائیل. 
 
دوایین هێرش لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا بوو کە بووە هۆی کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی زیاتر لە 40 سەربازی دیکە لە بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن. ئەوەش کاردانەوەی سوپای ئەمریکای بەدوادا هات و رۆژی 2-2-2024 هێزی ئاسمانیی ئەمریکا زیاتر لە 85 ئامانجی گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و سووریا بۆردوومانکرد و ئیدی لەو کاتەوە هێرشەکان وەستاون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە