دامەزراوەیەکی ئابووری: عێراق بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل رۆژانە پێویستی بە 224 ملیۆن دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ 

دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری دەڵێت، عێراق لە ساڵی رابردوودا بایی 71 ملیار دۆلار شمەکی هاوردە کردووە. هەروەها رۆژانە پێویستی بە 224 ملیۆن دۆلارە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل. 
 
دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا عێراق لە 11 وڵاتەوە بایی زیاتر لە 67 ملیار و 250 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردە کردووە، جگە لەوە بڕی سێ بۆ پێنج ملیار دینار کە باسنەکراوە، بەو پێیە قەبارەی هەناردەی عێراق نزیکەی 71 ملیار دۆلار دەبێت، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022 عێراق هاوردە بایی 63 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، واتە 6٪ زیادیکردووە.
 
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "عێراق ساڵی رابردوو بۆ هاوردەکردن رۆژانە پێویستی بە 224 ملیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی 2022شدا ملیۆن و 720 هەزار دۆلار بووە."
 
بەگوتەی ئەو ئابووریناسە، بەشێکی زۆری پارەی عێراق بۆ کڕینی گاز و کارەبا دەچێتە دەرەوە و دەڵێت: "عێراق لەساڵی 2023دا بایی 9 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار هاوردەی گاز و کارەبا لە ئێران کڕیوە، لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2022دا 7 ملیار و 150 ملیۆن دۆلار بووە."
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ بودجەکە بۆ سێ ساڵە،  قەبارەکەی بۆ ساڵی رابردوو 198.9 تریلیۆن دینار بوو و پشکى هەرێمى کوردستانیش بە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار دانرابوو.
 
بەشی زۆری بودجەی عێراق بۆ هاوردەکردنی شمەک لە دەرەوە دەڕوات و قەبارەی هاوردەکردنی ساڵانەی لە تورکیا و ئێرانەوە دەگاتە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار.