لە دوو رۆژدا زیاتر لە 12 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 12 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
 
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ راگەیەندرا، کە تێیدا گەنمی پارێزگای موسەنا وەرگیرا، تیمە هونەری و کارگێڕییەکان لە سەرجەم عێراق بەردەوامن لە گواستنەوەی گەنم و بەردەوامیی کارکردن لە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی سایلۆکان بۆ ئامادەکردنیان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق.
 
گەرعاوی گوتی: "تائێستا زیاتر لە 10 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆی رەسافە لە بەغدا وەرگیراوە، هەروەها دوو هەزار تۆن گەنمی دیکە لە سایلۆی دۆرە وەرگیراوە، جگە لە گواستنەوەی گەنم لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار."
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ی نیسانی 2024، حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە بە رووداوی راگەیاندبوو، ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق، دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2024 راگەیاند، وەک هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای موسەننا چوار بارهەڵگری گەنم وەرگیران.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 2ی نیسانی 2024دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراقی پەسند کرد بەوەی هەموو گەنمی ئەم ساڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی وەربگرێت، تەنانەت ئەوەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی ئەم وەرزەشدایە.
 
رۆژی چوارشەممە، 3ی نیسانی 2024، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان سنووردارە، هەروەک چۆن ساڵی رابردوو بە رێککەوتنی هەردوولا 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا.
 
ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن تۆن گەنم بێت.
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆنی گەنمی لە جووتیاران وەرگرت، کە نزیکەی 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو.
 
سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت و دوای دەرچوونی لە پشکنین، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت."