سوودانی: پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کلیلی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن

12-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو پێنج دۆسیەیە ئاشکرادەکات کە نێوەڕاستی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واشنتن باسیان دەکات، ئابووری و تیرۆر دوو لە دیارترینیان دەبن. سوودانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بە کلیلی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناودەبات.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا کە پێش کەمتر لە سێ رۆژ لە سەردانەکەی بۆ واشنتن لە گۆڤاری "فۆرێن ئەفێرس"ـی ئەمریکی نووسیویەتی باسی وردەکاریی سەردانەکەی دەکات.
 
"ئەمریکا لە رووخاندنی رژێمی بەعسدا یارمەتی داین"
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "پێش دوو دەیە لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتیی گەلی عێراقی دا بۆ رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆریی سەدام حوسێن و دانانی بنچینەکانی سیستمی دیموکراسی، ئەوەش وایکرد عێراقییەکان یەکەمجار چێژ لە ئازادی بکەن و کۆتایی بە ستەمکاری و خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکان بهێنن، کە کێشەیان بەتەنیا لە وڵاتەکەم دروست نەکرد، بەڵکو بۆ ناوچەکەش بە شێوەیەکی فراوان."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "لەو دوو دەیەدا پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بە چەندین قۆناخی هەڵبەز و دابەز و گەرمی و ساردی و هەندێک جار هاودەنگی و جیاوازی تێپەڕیوە، بەڵام سەربای ئەوە تێگەیشتنێک لەلای سەرکردایەتیی هەردوو وڵات هەبووە کە پەیوەندییەکانیان ستراتیژی دەمێنێتەوە کە زۆر هاوبەشیی تێدایە بەرژەوەندیی هەردوولا دەستەبەر دەکات."
 
هەروەها باسی یارمەتییەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش لە ساڵی 2014 و بەدواوە دەکات و دەنووسێت، "پێکەوە تیرۆرمان شکاند؛ ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە پارێزگاریی لە هاوبەشییە ستراتیژییەتەکەمان لە رێگەی قۆناخێکی نوێوە هەیە، قۆناخێک پشتیوانی سەروەریی و سەربەخۆیی بکات، بەبێ دەستبەرداربوون لە هاوئانەگیی بەرهەمداری نێوان بەغدا و واشنتن."
 
"عێراق بە بەیارمەتیی دۆستەکانی تووندڕەوترین رێکخراوی تیرۆریستییان شکست پێهێنا" 
 
سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی کە ئەرکی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی عێراق  و هێزە سەربازییەکانی و دانانی خشتەیەک دەبێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، سوودانی دەڵێت، "بۆ هەڵسەنگاندنی هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بارودۆخی کارکردنە لە وڵات، ئەو هەوڵە بووە هۆی رێککەوتنی هەموو هاوبەشان بۆ کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشێوەی پلەبەند و رێکخراو بەپێی خشتەیەکی کاتیی رێککەوتن لەسەرکراو."
 
باسی قۆناخی نوێی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئەمریکا دەکات، "لێرە بەدواوە لیژنەی باڵای سەربازیی نەخشەڕێگەیەک بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوو لەنێویاندا بوونی راوێژکارانی ئەمریکا دادەنێت، ئەوە رێگەمان پێدەدات بە پێچەوانەی کەمکردنەوەی پۆڵێن بەندیی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا، بۆ چوونە نێو قۆناخێکی نوێی هاوبەشی لەسەر بنچینەی هاوئاهەنگی کە تەنیا کاروباری ئەمنی و سەربازی نەگرێتەوە."
 
سوودانی لە وتارەکەیدا ئەوەشی گوتووە، "عێراق بە بەیارمەتیی دۆستەکانی، توانی تووندڕەوترین رێکخراوی تیرۆریستی لە مێژووی نوێ شکست پێبهێنێت، ئێستا تەنیا چەند گرووپێکی بچووکی داعش ماون و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشمانەوە راودەنرێن لە بیابان و چیا و لە ئەشکەوتەکاندا، هەڕەشە نین بۆ سەر دەوڵەت."
 
سوودانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی توانای سەربازی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "شەڕی دژ بە داعش بەشێوەیەکی فراوان، ئەزموونی هێزەکانی ئاسایش بەرەو پێشەوەبردووە، وایلێکردووە لەنێو باشترین سوپاکان بێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆیە ئێستا کاتی داخستنی ئەو لاپەڕەیە هاتووە و پێویستە سەرچاوە و تواناکانمان لە هەڵگیرسانی شەڕەوە بەرەو بەهێزکردنی گەشەپێدان ببەین."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشێکی وتارەکەی تەرخانکردووە بۆ پرسی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رایگەیاندووە، "گرنگە بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە کە روویەکی دیکەی تیرۆرە، چونکە کاریگەرییەکەی لە وێرانکردن کەمتر نییە، هەروەها گەرەنتی ئەوەش بکەین پارەکانی گەلی عێراق بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە بەرهەمدارەکان ببەین، پێویستە لەسەریشمان ئابووریمان فرە بکەین دوور لە پشتبەستن بە نەوت، تەنانەت ئێمە سوود لە پێگەی وڵاتەکەمان وەکو دووەم وڵاتی گەورە هەناردەکاری نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک، جگە لە بوونی یەدەگێکی زۆری گازی سرووشتی، بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستە وەربگرین."
 
"پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کلیلی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە"
 
محەممەد شیاع سوودانی بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ هێرشەکانی ئێستای گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات و پێیوایە دەرچوونیان لە بڕیاری دەوڵەت "نادروستە" و دەڵێت، "پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کلیلی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، هەروەها بۆ بەرەوپێشچوونی گەلانی ناوچەکەیە، پێوستمان بە کات هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی سیاسیی لەنێوان سەرجەم لایەنەکان، پێویستە بڕیاری جەنگ و ئاشتی پرسێک بێت تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت و هیچ لایەنێک بۆی نەبێت داوای بکات." 
 
محەممەد شیاع سوودانی، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەکات، "کاتی کاراکردنی سەرجەم حوکمەکانی رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژییە کە عێراق و ئەمریکا لەساڵی 2008 واژۆیانکردووە، ئەم رێککەوتننە کاروباری ئەمنی و سەربازی تێدەپەڕێنێت، کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوو هەژموونی لەسەر ئەو پەیوەندییە هەبووە، هاوئاهەنگیی لەبوارەکانی وەکو ئابووری و وەبەرهێنان و وزە و کەشوهەوا و کشتوکاڵ و پیشەسازیی و تەکنەلۆژیا و خوێندن تێدایە."
 
پێویستییەکانی عێراقیش لە ئەمریکا رووندەکاتەوە و دەڵێت، "پێویستیی زۆرمان بە شارەزایی و تەکنەلۆژیای ئەمریکا هەیە لە وزەی پاک و ئابووریی سەوز، ئێمە ئامانجمان گەشەپێدانی کەرتە بەردەوام و نوێبووەکانە، رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی بنچینەکانی یاسایی ئەو چالاکییانەی داناوە، لەرێگەی وەبەرهێنانەوە تێیدا، توانادارمان دەکات بۆ ئەوەی عێراق بەرەو بەهێزکردنی دیموکراسییەت و پتەوکردنی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەروەرەیی یاسا ببەین."
 
سوودانی: خۆمان لە ناکۆکیی ئێران و ئەمریکا لادەدەین
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، دژی دەستوەردانی وڵاتان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەی قسە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانێک بۆ هیچ لایەنێکی چالاکی دەرەکی بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان، پێویستە لەسەر بنچینەی سەرەوەری و رێزگرتنی بەرامبەر مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکرێت، نەوەکو وەکو جێگرەوەیەک بۆ ململانێیەکانی دیکە، لەبەر ئەو هۆکارە هەوڵی گێڕانەوەی رۆڵی جەمسەریی عێراق لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەین و سوود لە پێگەی ستراتیژیمان وەردەگرین."
 
هەروەها دەشڵێت، "پێشوازی لە دەرفەتی کارکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکان و سنووردارکردنی شڵەژانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێمە رژدین لەسەر خۆ لادان لەوەی بکەوینە ناکۆکی لەنێوان دوو هاوبەشمان کە ئێران و ئەمریکایە."
 
سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی غەززە، سوودانی نووسیویەتی، "پێمانوایە هێورکردنەوەی گرژییەکانی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و عێراق دەبێت، پێش هەموو شتێک ئەوە پێویستی بە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و رێزگرینی مافە رەواکانی گەلی فەلەستینی هەیە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق تەوەرەکانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن ئاشکرا دەکات
 
محەممەد شیاع سوودانی باسی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ واشنتن دەکات کە بڕیارە نێوەڕاستی ئەم مانگە بێت و تێیدا لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، ئەو لە وتارەکەیدا دەنووسێت، "کاتێک سەردانی واشنتن دەکەم و لەگەڵ جۆ بایدن لە 15ـی نیسان کۆدەبمەوە، دەرفەتێک دەبێت بۆ دانانی هاوبەشیی ئەمریکا و عێراق لەسەر بنچینەیەکی نوێ کە زیاتر بەردەوام ببێت، گفتوگۆکانمان جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان و هاوئاهەنگی لە بەرنگاربوونەوەی ششتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر دەکاتەوە، لەگەڵ بەکارهێنانی میکانیزمەکانی سیاسیی و دیبلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی شڵەژانەکانی هەرێمی."
 
سوودانی ئاشکراشی کردووە کە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ هەردوو حکومەتەکەمان بابەتی سەرەکی دەبێت."
 
سوودانی رۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە شکستپێهێنانی تیرۆر بەرز هەڵدەسەنگێنێت و پێیوایە ئەو پشتیوانیە یارمەتیی عێراقی لە بەدیهێنانی سەقامگیری و گرتنەبەری هەنگاوی گەورە لە دیموکراسییەت و سەروەریی یاسا و گەرەنتیکردنی قۆرخکردنی حکومەت بۆ بەکارهێنانی هێز داوە.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوودانی پێیوایە "کاتی ئەوە هاتووە پەیوەندییەکانمان فراوانتر بێت، لەگەڵ دانپێدانان بە توانا هەڵکشاوەکانی هێزەکانمان لە بەرگریکردن لە عێراق و گەرەنتیی سەلامەتیی هاووڵاتییانی و رۆڵ هەبوون لە بونیادنانی عێراقێکی سەقامگیر و گەشەکردووە لە شێوازی نوێی، وابکات هاوبەشییمان سەرچاوەیەک بێت بۆ بەرژەوەندیی ئاڵوگۆڕ بۆ هەردوو وڵاتەکە و هێزێکی پاڵنەر بێت لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.