ئانۆ جەوهەر: دەبێت هەڵەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەبارەی لویس ساکۆوە راستبکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هاوپەیمانیی حامورابی داوای کشانەوەی میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا دەکات و دەڵێت، دەبێت دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانە رادەستی سوپا و پێشمەرگە بکرێت، هەروەها پەسنی هەنگاوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بانگهێشتکردنی پەتریارکی کلدانەکان دەکات و پێیوایە دەبێت "هەڵە"ـەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەبارەی لویس ساکۆ راستبکرێتەوە.
 
ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەموڕابی لەبارەی دیدارەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی و کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق، گوتارێکی نووسیوە و وێبسایتی پەتریارکییەی کلدانی بڵاویانکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، "دەستخۆشی لەو هەنگاوە ئەرێنییە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین،  بە بانگهێشتکردن و پێشوازیی لە پاتریارک کاردیناڵ دکتۆر لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانەکانی جیهان."
 
ئانۆ جەوهەر، لە گوتارەکەیدا باسی پێشوازییەکەی سەرۆکوەزیران لە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانەکانی جیهان دەکات و دەڵێت بۆ هەنگاوەکەی کە دڵخۆشی کردین و دەستپێکێکی باشە و رێگەی هەزار میل لە یەک هەنگاوەوە دەستپێدەکات، چاوەڕوانی هەنگاوی نوێ و پێویست دەکەن.
 
ئانۆ جەوهەر، کە وەزیری گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە، لە بەشێکی وتارەکەیدا نووسیویەتی، "ئەم هەنگاوانە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە دێرینترین پێکهاتە نیشتمانییەکانی وڵاتی دووڕووبار هەژماردەکرێت." ئەویش لە رێگەی ئەو خاڵانەوە:
 
1- راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە رێگەی کشاندنەوەی مەرسوومی کۆماری تێیکەوت، کە رەفتارێکی هەڵە و بێ پاساو بوو، هەروەها گەڕاندنەوەی مەرسوومەکە بۆ پاتریاریک و سەرجەم مەترانە بەڕێزەکان.
 
2- راستکردنەوەی ئەو هەڵە دەستوورییەی دادگەی فیدراڵی تێیکەوت بە نەهێشتنی کورسیی کۆتای کریستیان و تورکمانەکان لە پەرلەمانی کوردستان و چاوخشاندنەوە بە بڕیاری دادگەکە لەوبارەیەوە و گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتاکان، لەگەڵ پاراستنی لەرێگەی دەنگدانی پێکهاتەکانی کریستیان و تورکمان بەتەنیا، کە ئومێد دەکەین ئەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش وابێت بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن گوزارشت لە ئیرادەی دەنگدەری کریستیان بکات.
 
3- کشاندنەوەی سەرجەم میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی هاوبەش بە هێزە ئەمنییەکانی دانپێدانراو لە دەستوور وەکو سوپای عێراق و پێشمەرگە.
 
4- زۆرینەی زۆری کلدان و کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا فەرمانبەری حکومەتن، گرنگە بەردەوامی لە پێدانی شایستە و مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو مافێکی دەستووری و پابەندبوونێکی نیشتمانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوام بێت.
 
5- گەرەنتیکردنی رێژەیەکی دادپەروەرانە لە دامەزراندنی نوێ بۆ کریستیانەکان هەبێت و پشکی کریستیان لە کورسیی قەرەبوو هەبێت.
 
6- ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی داعش وێرانی کرد لە ژێرخانی گوندەکانمان لە دەشتی نەینەوا و پاراستنی پێکهاتەی دیمۆگرافیی.
 
7- پووچەڵکردنەوەی سەرجەم ئەو سکاڵا ناڕەوایانەی لە دژی پاتریارک لەلایەن هەندێک کەسەوە کراون.
 
8- پێویستیی کارکردن بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیان لە رێگەی گوێگرتن و کارکردن بۆ دروستکردنی پرد لە رێگەی دیالۆگی راستگۆیانە و بونیادنەرانە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانەوە.
 
9- جەختکردنەوە لە چاکسازیی سیاسی و ئابووری و پابەندبوون بە دەستوور بەبێ هەڵبژاردن تێیدا.
 
10- هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان لە بەڕێوەبردنی وڵات لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.
 
11- تەنیا لە بۆنەکاندا بایەخ بە کریستیانەکان نەدرێت و دواتر لەبیر بکرێن، پێویستە بوونی کریستیان وەکو بوونێکی رەسەن لە وڵاتی باوپیرانیان رێزلێگیراو بێت و بە ئامادەبوونیان بەشداری لە جومگە جیاوازەکانی دەوڵەت بکەن.
 
دوای نزیکەی نۆ مانگ لە جێهێشتنی بەغدا، شەوی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانەکانی عێراق و جیهان گەڕایەوە بەغدا، لەلایەن بەشێکی زۆر لە پیاوانی ئایینی و پەتریاریکییەی کلدانەوە پێشوازی لێکرا، رۆژی دواتر لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی کرا، کە لویس ساکۆ بە سەرکردەى کلدانەکانى لە عێراق و جیهان ناوبردووە.
 
جێهێشتنى بەغدا لەلایەن لویس ساکۆ وەک ناڕەزایەتییەک بوو بەرامبەر بە مەرسوومێکى کۆمارى، کە لە  3-7-2023 بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.