حەلبووسی مۆڵەتەکەى هەڵوەشاندەوە

12-04-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن محەممەد حەلبووسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق سێ رۆژ پێش تەواوبوونی، ئەو مۆڵەتە 15 رۆژییەى هەڵوەشاندەوە کە پێشتر وەریگرتبوو و لە 15ـی نیسانەوە دەستبەکاردەبێتەوە.
 
رۆژی 12ـی نیسانى 2023 نووسینگەى رۆژنامەڤانیى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەڵوەشاندنەوەى ئەو مۆڵەتەى بڵاوکردەوە و رایگەیاند "سەرۆکى پەرلەمان لە 15ـی نیسانەوە دەستبەکاردەبێتەوە، لە کاتێکدا مۆڵەتەکەی 18ـی ئەم مانگە تەواو دەبوو.
 
هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتەکە لەکاتێدایە رۆژی 3ـی نیسان، محەممەد حەلبوسی بۆ ماوەی 15 رۆژ مۆڵەتی وەرگرت و  دەسەڵاتەکانى لەبەڕێوەبردنى کۆبوونەوەى پەرلەمان و کاروبارى لێژنەکان رادەستى موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکی پەرلەمان کرد.
 
مۆڵەتکردنەکەى حەلبووسی هاوکات بوو لەگەڵ بایکۆتکردنى کۆبوونەوەى پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانى هاوپەیمانیی سەروەرى، کە نوێنەرایەتى زۆرینەى سوننەکان دەکەن، بەهۆى تێبینییان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە ئێستا لە پەرلەمانە.
 
تێبینییەکانی هاوپەیمانیى سەروەرى لە پشکى پارێزگا سوننەنشینەکان و ماوەى بودجەکە بوو کە بۆ سێ ساڵە، ئەوە جگە لە دەرنەکردنى یاسای لێبووردنى گشتى کە سوننەکان سوودمەندى یەکەم دەبوون لێى.
 
کۆتاییهێنان بەو مۆڵەتە لەلایەن حەلبووسییەوە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەکانى لێژنەى دارایی پەرلەمان وەک ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، کە هەنگاوى بەر لە دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاساکە.   
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە