پێکهێنەرانی حکومەتی عێراق لەسەر ماوەی بودجە رێککەوتن

رووداو دیجیتاڵ 

لایەنە پێکهێنەرەکانى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، رێککەوتن لەبارەى ماوەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کە بۆ سێ ساڵە، بەگوێرەى رێککەوتنەکە کۆتایی ساڵانى 2023 و 2024، بودجە دەبرێتەوە پەرلەمان بۆ هەموارکردنى.

رۆژی 12ـی نیسانى 2023، عەلى دیفاعى، گوتەبێژی ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لایەنەکانى پێکهێنەرى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەبارەى ماوەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق رێککەوتوون، کە پێشتر بەشێک لە لایەنەکان تێبینیان لەسەر هەبووە و بەگوێرەى رێککەوتنەکە کۆتایی ساڵ، پڕۆژەیاساکە دەگەڕێندرێتەوە پەرلەمان بەمەبەستى هەموارکردنى.
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق پارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە، بۆ ماوەى ساڵانى 2023، 2024 و 2025 دەبێت، بەڵام بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکە، پێویستە کۆتایی ساڵانى 2023 و 2024 ببرێتەوە پەرلەمان بەمەبەستى هەموارکردنەوەى. 
 
د. عەلى دیفاعى گوتی "هەموارى پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە ئامادەدەکرێت و دەنێردرێت بۆ پەرلەمان، بەگوێرەى نرخى نەوت و پێداویستى پارێزگاکان، گۆڕانکارى تێدا دەکرێت".
 
هاوپەیمانیى سەروەرى، کە نوێنەرى زۆرینەى سوننەکانە لە پەرلەمانى عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتى دەکات، دیارترین ئەو لایەنانە بوون کە لەدژى ئەوە بوون پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى بۆ سێ ساڵ بێت، کە یەکەمجارە لە دواى ساڵى 2003 ئەو هەنگاوە بۆ بودجە بنرێت.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى ئاشکرایکرد، تەنیا لایەنە سوننەکان نەبوون تێبینیان لەسەر ماوەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى هەبووە، بەڵکو لەنێو هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەشدا هەمان تێبینى هەبووە، گوتیشى "هەموارى ساڵانەى بودجە لە دوایین کۆبوونەوەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بڕیارى لێدرا".
 
رۆژی 2ـى نیسانی 2023، نوێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە لە زۆربەی لایەنە شیعەکان پێکدێت، بە ئامادەبوونى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و پرسی بودجە، تەوەرى سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو.
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى لە 6ـی نیسان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا و، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئامادەکارى دەکات بۆ ئەوەی خوێندنەوەى دووەمی بۆ بکرێت.