سەرۆکى پێشووترى دیوانى وەقفى سوننە لەسەر کڕینی هۆتێلێک لە هەولێر سزادرا

12-04-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى پێشووترى دیوانى وەقفى سوننەى عێراق لەسەر دۆسیەى کڕینى هۆتێلێک لە هەولێر، لەلایەن دادگەوە بە چوار ساڵ بەندکردن سزادرا.
 
رۆژی 12ـى نیسانى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە دادگەى ناوەندى بنبڕکردنى گەندەڵیى عێراق بەشێوەى ئامادە نەبوون، سەعید کەمبەش، سەرۆکی پێشووترى دیوانى وەقفى سوننەی بە چوار ساڵ بەندکردن سزاداوە، ئەوەش بە تاوانی کارکردن بە پێچەوانەى ئەرکى وەزیفى خۆی و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى گشتى.
 
رۆژی 21ى ئادارى 2023، سەعد کەمبەش، سەرۆکى پێشووترى وەقفی سوننەی عێراق لەسەر چەند دۆسیەیەک لە پارێزگاى دیالە دەستگیرکرا، کە یەکێکیان گرێبەستى کڕینى هۆتێل رامادا بووە لە شاری هەولێر. 
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاندووە، سەعید کەمبەش لە کڕینى هۆتێل رامادا سەرپێچى کردووە، کاتێک داواى لە دەستەى کارگێڕى و وەبەرهێنانى وەقفى سوننە کردووە ئەو هۆتێلە بکڕێت، لە کاتێکدا بە گوێرەى دەستەى دەستپاکى "سوودى ئابوورى" نەبووە، هاوکات داوایەکى کشاندووەتەوە بۆ بەناوکردنى هۆتێلەکە، ئەوەش لە بەرژەوەندیى خاوەنی هۆتێلە بووە و بەو هۆیەوە زیانى بە دەوڵەت گەیاندووە.
 
رۆژی 20ى ئەیلوولی 2022، فەرمانگەى لێکۆڵینەوەى دەستەى دەستپاکیى عێراق، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ سەعد کەمبەش و دوو بەرپرسی دیکەى وەقفى سوننە ئاراستەى ئەو وەقفە کرد لەسەر هەمان دۆسیە.
 
سەعد کەمبەش کەسایەتییەکى سوننەى عێراقە و لە نێوان ساڵانى 2020 بۆ 2022 سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننەى عێراق بووە.
 
دیوانی وەقفى سوننە تایبەتە بە پێکهاتەی سوننە و ئەرکى سەرپەرشتیکردنى مەزار و مزگەوت و پێگە ئایینییەکانى پێکهاتەى سوننەیە لە عێراق.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە