رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیا چینی و جیهانییەکان واژۆکردووە، بۆ دروستکردنی 16 نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە سەرجەم پارێزگاکاندا. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لەماوەی سێ ساڵدا کارەکانی دروستکردنیان کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025، د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی گرێبەستێکدا کە لەگەڵ چین واژۆمان کردووە، 16 نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە پارێزگاکاندا دروست دەکەین و کارەکان دەستیانپێکردووە."
نەخۆشخانەکان لە پارێزگاکانی بەغدا، کەرکووک، بەسرە، دیالە، ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا، بابل، کەربەلا، موسەننا، نەجەف، زیقار، میسان، واست و دیوانییە دروست دەکرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "نەخۆشخانەکان تەنیا کۆمپانیا چینییەکان دروستیان ناکەن، بەڵکو چەندین کۆمپانیای جیهانییش بەشدارن و بە کوالێتی بەرز دروست دەکرێن، بە گوێرەی گرێبەستەکەش کارەکان لەماوەی سێ ساڵدا تەواو دەکرێن."
بەگوتەی د. سەیف بەدر، دروستکردنی ئەو نەخۆشخانانە دەبنە رێخۆشکەر بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی و قەرەباڵخی نێو نەخۆشخانەکان کەم دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ