رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی پەرجووئاسا لە دیالە تۆمارکرا، کاتێک گەنجێک گوللـەیەکی لە خۆی دا بەمەبەستی خۆکوشتن، بەڵام گوللـەکە لە پشتی دەرچوو و براژنەکەی کوشت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025) عەمید هەیسەم شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە قەزای مەنسوورییەی دیالە، گەنجێک بە ناوی (ر. خ.) کە نەخۆشیی دەروونیی هەبووە، ویستوویەتی بە دەمانچە خۆی بکوژێت، بەڵام گوللـەکە لە جەستەی دەرچووە و بە براژنێکی خۆی کەوتووە و کوشتوویەتی."
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە گوتی، "گەنجەکە گوللـەکەی لە سنگی خۆی داوە و لە پشتی دەرچووە، لەو ساتەشدا براژنەکەی لە پشتییەوە بووە و گوللـەکە بە سەری کەوتووە."
بە گوتەی عەمید هەیسەم شەممەری، "گەنجەکە لە ژیاندایە و لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت، بە فەرمانی دادوەریش دوای کۆتاییهاتنی رێکاری چارەسەری پزیشکی، دەستگیر دەکرێت."
گەنجەکە تەمەنی 21 ساڵە و براژنەکەشی کە بەهۆی رووداوەکە گیانی لەدەستدا، تەمەن 36 ساڵ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ