رووداو دیجیتاڵ
کارمەندێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە شەڕەتەقەیەکدا لە بەغدا کوژرا. ئاژانسەکە داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات، لێکۆڵینەوەی خێرا لە چۆنیەتی رووداوەکە بکەن و تاوانباران بدەنە دادگە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی عێراقی، کوژرانی کارمەندێکی خۆی بە ناوی لەیس محەممەد رەزا، لە ئەنجامی روودانی شەڕەتەقە لە ناوچەی عەرەساتی بەغدا راگەیاند.
ئاژانسەکە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی لەیس محەممەد دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "شەهید لەیس محەممەد، کارمەندێکی دڵسۆز بووە بۆ کارەکەی و خاوەن رەوشتێکی باڵا بووە، لەلای هەمووانیش کەسێکی خۆشەویست بووە."
فەرماندەیی پۆلیسی رەسافەی بەغدا رایگەیاندووە، لەیس محەممەد، لەئەنجامی بەشەڕهاتنی لەگەڵ یەکێک لە دراوسێکانیدا کوژراوە و کردەوەکە "تیرۆرکردن" نەبووە.
بەگوێرەی پۆلیسی رەسافە، گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی بکوژەکە دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراوە.
ئاژانسی هەواڵی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی کوشتنی کارمەندەکەیان دەکات، داوا لە دەزگا ئەمنییەکانیش دەکات لێکۆڵینەوەی خێرا لە چۆنیەتی رووداوەکە بکەن و تاوانباران بدەنە دادگە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ