گواستنەوەی عێراق: هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی رێگەی گەشەپێدان بەردەوامە

12-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، هاوئاهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەردەوامە و دەشڵێت، سەبارەت بە ناکۆکی و خاوەندارێتییەکانی حکومی و مەدەنی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، لە سێ پارێزگادا، کۆبوونەوەیان کردووە.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پابەندبوون بە کات هەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە کاتی خۆی."
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، گوتی: "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان قۆناخی سەرەتایی دیزاینکردنی تەواو بووە، چووینەتە قۆناخی دیزاینی وردەکارییەکان، ئامانجی ژێرخانەکان و پردەکان و هەندێک شوێنی گرنگی پڕۆژەکە."
 
بەم دواییە وەزیری گواستنەوە و ژمارەیەک پارێزگار بە ئامادەبوونی راوێژکارێکی سەرۆکوەزیران، گفتوگۆیان کردووە لەبارەی ناکۆکی و خاوەندارێتییەکان لە هەردوو کەرتی حکومی و مەدەنی لە سێ پارێزگادا کە رێگاکەی پێ تێپەڕ دەبێت، ئەویش موسەننا، سەلاحەدین و کەربەلا بوون.
 
بەگوتەی مەیسەم سافی، پارێزگاری دیکەش هەن خاوەندارێتییەکان و ناکۆکییەکان خەریکە تەواو دەبن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بە قۆناخەکانی کارکردن لە پرۆژەکە کرد و گوتی: "رێژەی تەواوکردن لە گۆڕەپانی کۆنتێنەرەکانی بەندەری فاو لە 86٪ زیاترە. رێژەی تەواوکردن لە رێگای بەستنەوە لە 97٪ زیاترە، کۆمەڵێک پرد هەن کە لەسەروبەندی وەرگرتن و تەواوکردندان."
 
سەبارەت بە هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مەیسەم سافی گوتی: "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پڕۆژەکە بەردەوامە، بەو پێیەی بەشێکە لە حکومەتی عێراق." گوتیشی: "گەلی کورد بەشێکە لە گەلی عێراق، لەبەرئەوە بەرژەوەندییەکانی هەمووان لەم پڕۆژەیەدا پارێزراو دەبن ." 
 
درێژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەترە، و پێکدێت لە هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیاران و هێڵی ئاسن، لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.
 
بەپێی نەخشەی سەرەتایی پڕۆژەکە، رێگاکە بە پێشابوور لە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت تاوەکو لەوێوە دەچێتە ناو خاکی تورکیا.
 
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
 
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی کۆتایی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
 
قۆناخی کۆتایی نەخشەکە لە ساڵی 2025 ئامادە دەبێت و وردەکارییەکانی پڕۆژەکە لە پرد، باڵەخانە و وێستگەکان پێکدێت، پاشان نەخشەکە پێشکەش بە کۆمپانیاکان دەکرێت بۆ جێبەجێکردن.
 
پڕۆژەکە لەلایەن 15 کۆمپانیاوە جێبەجێ دەکرێت، پێشبینی دەکرێت داهاتی ساڵانەی بگاتە چوار ملیار دۆلار. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە